حكومەت داوای باجی ساڵانی ١٩٨٠ لە بەشێك لە خاوەن كارەكان دەكات
ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان دەڵێت، حكومەتی هەرێم بەناوی ڕێكخستنەوەی باج، زۆرترین پارە لە خاوەن كارەكان وەردەگرێت، بەجۆرێك لە بەشێك لە كۆمپانیا و خاوەن كارەكان بە شێوەی مەزەندە، دوور لە هەموو یاسا و ڕێنماییەك، باج وەردەگرێت.
كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، كابینەی (٩) بەناوی ڕێكخستنەوەی باج، زۆرترین پارە لە خاوەن كارەكان وەردەگرێت، بەجۆرێك لە بەشێك لە كۆمپانیا و خاوەن كارەكان بە شێوەی مەزەندە، دوور لە هەموو یاسا و ڕێنماییەك، باج وەردەگرێت.
دەشڵێت، حكومەت زۆرترین شێوازی باجی لەسەر هاووڵاتییان زیاد كردووە بە دوو شێوە باج لە هاووڵاتییان وەردەگرێت: یەكەم، باجێك كە بەناوی خزمەتگوازارییەوە لە ڕێگەی كۆمپانیا تایبەتەكانەوە كە یان هی بەرپرسێكن یان بازرگانێك كە خاوەندارێتی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ بەرپرسان؛ دووەم، باجێك كە حكومەت بە فەرمی وەریدەگرێت.
ئاماژە بە ئەوەش دەكات، باج خراوەتە سەر كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، زیادكردنی پارەی كارەبا، باج لەسەر تابلۆی دوكان، باجی دەخل، باجی خانوبەرە و دەیان جۆری دیكەی پارە وەرگرتن بە ناوی باج كۆكردنەوە، هەندێكیشیان بە ناوی خزمەتگوزاری لە ڕێگەی كەرتی تایبەتەوە.
ئەو پەڕلەمانتارە دەڵێت، لە ماوەكانی ڕابردوو داوایان لە بەشێك لە خاوەن كارەكانی ناوچەی پیشەسازی كردووە كە دەبێت باج بدەن بە حكومەت بە شێوەی مەزەندە كردن، ئەگەر سكاڵاش بكەن لەو باجەی بۆیان دیاری دەكرێت، دەبێت لە ساڵی (١٩٨٠)-ەوە باج بدەن؛ واتا پێی وتوون كە دەبێت باجی عەقار بدەن لە كاتێكدا زەوییەكەیان كرێییە و لە لایەن شارەوانییەوە بە شێوەی مساتەحە پێییان دراوە.
ئاماژە بە ئەوەش دەكات، كۆمپانیا یان كارگە هەیە كە كاری نەكردووە بە درێژای چەند ساڵێك، كە ئێستە دەستی كردووەتەوە بە كاركردن، داوا دەكەن باجی هەموو ساڵەكان بدات. لە كاتێكدا لە هەموو دنیا هانی كارگەكان دەدرێت بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆماڵی زیاد بكات، نەك زیاد كردنی باج و ناچاركردنییان بە داخستن و بەجێ هێشتن و گواسنتەوەی سەرماییەكانییان.
بە بڕوای ئەو پەڕلەمانتارە ئەو شێوازەی وەرگرتنی باج سەرانەیە و دەڵێت، لە هەر شوێنێك باج وەردەگیرێت، حیكمەت تێیدا زیادكردنی خزمەتگوزاری و خزمەتی گشتییە، نەك دەوڵەمەند كردنی چەند بەرپرس و دەوڵەمەندتركردنی چەند بازرگانێك، ئەمەی بە ناوی ڕێكخستنەوەی باجەوە وەردەگیرێت لەم كابینەیە، باج نییە بەڵكو سەرانەیە.
ئەوەش دەڵێت، سەرجەم دۆسیەكانی باج وەرگرتنی ناڕەوامان- بەناو بەڵگە- ڕادەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم و لیژنەكانی پەرلەمان كردووە بۆ دۆزینەوە چارەسەر، بەڵام تا دێت دۆخەكە لەسەر هاووڵاتییان زەحممەتر دەكەن.