وتەبێژی دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، مەترسیی ڕوودانی بوومەلەرزە لە هەرێمی كوردستان و عێراق نییە و ئەوەی شەوی ڕابردوو توركیا و سووریا و ژمارەیەك وڵاتی دیكەی گرتەوە، كاریگەریی لەسەر عێراق نەبووە.
عامر جابری، وتەبێژی دەستەی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق لەبارەی بوومەلەرزەكەی شەوی دووشەممەی توركیا كە ژمارەیەك وڵاتی دیكەشی گرتەوە بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە: “ئەوەی ئەمشەو لە ناوچەی ئەنتاكیای توركیا ڕوویدا بوومەلەرزەیەك بوو بە گوڕی 6.4 بەپێوەری رێختەر بەهێزبوو، بەڵام پاشلەرزەیە و كاریگەریی كەمترە، ڕاستە ژمارەیەك وڵاتی گرتەوە وەكو ئوردن و لوبنان و یۆنان و قوبرس، بەڵام عێراقی نەگرتەوە، خەڵك لە هەرێمی كوردستان هەستیان پێكرد، بەڵام هیچ كاریگەرییەكی نەبووە.”
وتەبێژی دەستەی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەشڵێت، “ئەو پاشلەرزە و بوومەلەرزەكان مەترسی ئەوەیان لێ ناكرێت لە هەرێمی كوردستان و عێراق ڕووبدەن، ئەوەی شەوی ڕابردوو روویدا درێژەی بوومەلەرزەكەی ڕۆژی شەشی شوبات و ڕۆژانی دواترە، شەوی ڕابردوو كاریگەریی ئەو بوومەلەرزەیە دەركەوتەوە و جارێكی دیكە پلێتی عەرەبی بە ئاڕاستەی پلێتی ئەنادۆڵ جووڵەی كرد و كشا.”
عامر جابری دەڵێت، پاشلەرزەكەی شەوی ڕابردوو ئەو فراوانبوونەیە كە لە بوومەلەرزەدا روودەدات و لەشێوەی كەوانە بووە، بەڵام “كاریگەریی لەسەر عێراق نییە، لە ڕۆژی شەشی مانگەوە هیچ چالاكییەكی بوومەلەرزە لەنێو عێراق و هەرێمی كوردستان تۆمارنەكراوە.”