لەتوركیا و لوبنان و میسر و چەند وڵاتێكی دیكە مەترسی تسۆنامی هەیە
هەرچەندە هۆشدارییەكەی دەستەی كارەسات و باری لەناكاوی توركیا ئافاد شەوی ڕابردوو دوای بوومەلەرزەكانی هاتای بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا كاتی بوو، زۆری نەخایاند، بەڵام ترس و دڵەڕاوكێی لەنێو خەڵكدا بڵاوكردووەتەوە.
هاووڵاتیانی توركیا ترسیان لە بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا هەیە، ئەوە تەنها لە توركیا كورت نەبووەتەوە، بەڵكو لە وڵاتانی دیكەی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیش هەمان مەترسی هەیە وەك میسر و لوبنان و ئیسرائیل، بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی چەند تۆمارێكی ڤیدیۆیی لە سۆشیالمێدیا كە جووڵەی نائاسایی دەریایان لە سنووری فەڵەستین دەرخست، بەڵام شارەزایان دەڵێن مەترسی تسۆنامی لەناوچەكەدا نییە.
لەبارەی بەنداوەكانیشەوە مەترسی هەرەستهێنانیان بەردەوامە، بەڵام حكومەت دەڵێت مەترسی نییە.
وەزیری چاندن و دارستانی توركیا وەحید كریشچی دەڵێت بەنداوەكانی هاتای لە بوومەلەرزەكەی شەوی ڕابردوو هیچ زیانیان بەرنەكەوتووە.
دەزگای ئافاد لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد ئاستی دەریا 50 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە، بۆیە داوای لە هاووڵاتیان كرد لە كەناراوەكان دووربكەونەوە، بەڵام دواتر هۆشدارییەكەی كشاندەوە.