دوای ئەوەی سەرۆکی پەرلەمانی رایگەیاند، کە بافڵ جەلال تاڵەبانی دەستپێشخەری هەیە بۆ هەڵبژاردنەکان، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: نابێت ئەم ژەهرە بنۆشرێتەوە، کارێکی باش نییە، تەنانەت بیریشی لێبکرێتەوە کە تەمەنی پەرلەمان جارێکی تر درێژبکرێتەوه. ”
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فەرمی فراکسیۆنی پارتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە:”هەر دەستپێشخەریەک شتێکی باشە و قابیلی ئەوەیە گفتوگۆی لەسەر بکرێت، هەرچەندە بە بۆچوونی من هەڵبژاردن بابەتێک نییە موناقەشەی لەسەر بکرێت. “.
ئاماژەی بەوەشکرد:” جارێک بە ناچاری یان بە هەر ڕێگەیەک بووه هەڵبژاردن دواخراوە پێویست ناکات جارێکی تر ئەم ژەهرە بنۆشرێتەوە، کارێکی باش نییه، تەنانەت بیریشی لێبکرێتەوە کە تەمەنی پەرلەمان جارێکی تر درێژبکرێتەوە. ”
پێشەوا هەورامانی دەشڵێت:”ئەگەر نیەتی خۆسەپاندن بێت پارتی هیچ کات مەرجی قبوڵ نەکردووە لە هیچ کەس، بەڵام ئەگەر مەسەلەکە هاتنەپێشەوە و گفتوگۆ بێت هەموو شتێک قابیلی موناقەشە و گفتوگۆکردنە، هەڵبژاردن نە هی پارتیە و نە هی یەکێتیە، بەڵکو مافێکی ڕەوای خەڵکە کە هەتا ئێستا ساڵێکە پێشێلکراوە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان هۆکار بووە هیوادارین جارێکی دیکە ئەمە ڕوونەداتەوە. ”
هەرچەندە سەرۆکی هەرێمی کوردستان مانگی دەی ساڵی ڕابردووی وەک ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکرد، بەڵام هەڵبژاردن ئەنجامنەدرا، هەریەکە لە پارتی و یەکێتیش یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە ئامادەنەبوون بۆ هەڵبژاردن و هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی پرۆژەی حزبەکەی، باڵانبۆ محەمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند” ئەو دەستپێشخەریە ئەوەیە کە هەوڵ بدرێت لەم ماوەیەی کە درێژکراوەتەوە بۆ پەرلەمان گرفتی تۆماری دەنگدەران و گرفتەکانی تریش چارەسەر بکرێت.
باڵانبۆ محەمەد وتیشی:”ئەمە نابێت پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەرجی بزانێت، چونکە ئێمە یاسای هەڵبژاردنمان هەبووە و سیستەمێکی هەڵبژاردنی یەک بازنەیمان هەبووە چەندان خولی پەرلەمان ئێمە بەم سیستەمە کارمان کردووە ئەمە بۆتە هۆی نادادپەروەریەک لە کورسییەکان بەسەر زۆنەکانی هەرێمی کوردستاندا بۆیە لایەنەکان پێیانوابووە ئێمە واز لەو سیستەمە بهێنین و بیکەین بە سیستەمێکی فرە بازنەیی بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی خۆیان کاندید دەکەن لەسنورەکانی هەرێمی کوردستان دەنگ بهێنن کەسێکی لۆکاڵی ئاگاداری کێشەو گرفتەکانی سنوورەکەی خۆی بێت لە سنوورەکانی تر ئەو کەسە نەناسراوە”.
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی راشیگەیاندووە:” ناوەڕۆکی دەستپێشخەرییەکە ئەوەیە هەردوولا (پارتی و یەکێتی) نەرمی بنوێنن و کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە و هەوڵبدرێت بۆ چارەسەری گرفتەکانی تر.