ڕووسیا تاووتوێی وەڵامدانەوە دەكاتو چوار سیناریۆ بۆ هێرشی ئەتۆمی ڕووسیا لە ئارادان
تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ڕووسیا بڵاویكردەوە، ئەمریكا جەنگی لە دژی ڕووسیا ڕاگەیاندووە، ئەوەش لە دوای ڕاگەیاندنی پشتیوانی ئەمریكا بۆ ئۆكراین بۆ دەستپێكردنی هێرشەكان بۆ سەر نیمچە دوورگەی كریمیا، مۆسكۆش تاووتوێی وەڵامدانەوە دەكات و دووبارەش باسوخواستی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی گەرمدەبێتەوە.
ڕۆژنامەنووسی ڕووسی ئیگۆر كۆرۆتچێنكۆ لە تەلەفزیۆنی فەڕمی دەوڵەتی ڕووسیاوە، ڕایگەیاند، واشنتن هێڵی سووری بڕیوە بە ڕاگەیاندنی پشتیوانی بۆ هێرشەكانی ئۆكراین بۆ سەر نیمچە دوورگەی كریمیا، كە ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٤وە ڕووسیا دەستی بەسەرداگرتووە.
ڤیكتۆریا نولاند یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سیاسی ڕایگەیاند، ئەمریكا پێی وایە پێویستە كریمیا لە چەك دابماڵن.
ئەو كاربەدەستە ئاماژەی بەوەشكرد، واشنتن پشتیوانی هێرشەكانی ئۆكراین بۆ كردنەئامانجی بنكە سەربازییەكان لە نیمچەدوورگەی كریمیا دەكات.
ڕۆژنامەنووسە ڕووسییەكە:
-ئەمریكا هێڵە سوورەكانی بەزاند چیدیكە ناكرێت پشتگوێبخرێن، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جەنگی دژی ڕووسیا ڕاگەیاند.
-بەپێی گوتەكانی كاربەدەستەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بێت، ئەمریكا دووژمنی ڕووسیایە و هیچ شیكردنەوەیەكی ناوێت.
-ئەگەر ئەمریكا خوازیاری وەشاندنی گورزی مووشەكی چڕە لە خاكی ڕووسیا لە ڕێگای كەسانی دیكەوە، ئەوە ڕاگەیاندنی شەڕە، پێویستە وەڵام بدرێتەوە.
-دەمەوێت كاربەدەستانی ڕووسیا وەڵامی گونجاو بدەنەوە.
هاوكات وتەبێژی كۆشكی كرێملنی ڕووسیا دیمێتری بیسكۆڤ بۆ ئاژانسی تاس ڕایگەیاند، نۆلاند لە سەربازگەیەكە كە نەیارە سیاسییەكانی ئەمریكا لەخۆ دەگرێت، ئەوە ئاڕاستەیەكە باش دەزانین.
ئاماژەی بە ئەوەشكرد، ئەمریكا خوازیاری داماڵینی چەكە لە كریمیا، بەوپێیە پشتیوانی هێرشەكانی ئۆكراین بۆ كردنەئامانجی بنكە سەربازییەكان دەكات.
دەشڵێت: هاندانی ئۆكراین لەلایەن ئەمریكاوە بۆ هێرشی سەر كریمیا قوڵی ناكۆكییەكانی نێوان دوو وڵاتەكە دەردەخات، ئەوە ڕۆڵی گەورەی ئەمریكا لە پەرەسەندنە جیهانییەكاندا دەردەخات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارووڤا دەڵێت پێویستە ئەمریكا بەلای باڵۆن و تەنە ئاسمانییەكانەوە بچێت، بۆیە ئامۆژگاری نۆلاند دەكەم خەمێكی باڵۆن و تەنەفڕیوەكان بخوات، ئێمە بینیمانن ژمارەیان زۆر كەم نین.
لەلایەكی دیكەوە ڕووسیا هۆشداریدا، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت ئۆكراین بەنیازی هێرشێكی ئەتۆمییە بۆ سەر خاكەكەی خۆی، تا تێیدا مۆسكۆ تاوانبار بكات.
ئاشكراشیكرد كەرەستەی ئەو هێرشە لە وڵاتێكی ئەوروپاییەوە ڕەوانەی ئۆكراین دەكرێت بە ئامانجی دروستكردنی كارێكی وروژێنەر، تا سووپای ڕووسیا تۆمەتبار بكرێت بە بەكارهێنانی مادەی تیشك و چەكی ئەتۆمی و پیسكردنی ناوچەكە.
لە ساڵی ڕابردووشدا جارێكی دیكە هەردوو وڵات تۆمەتی هەوڵی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمیان ئاڕاستەی یەكدیكرد، ڕووسیاش چەند جارێك دووپاتیكردووەتەوە بۆ بەرگری لە وڵاتەكەی پەنا بۆ هەموو چەكێك دەبات.
شارەزایان باس لە چوار سیناریۆ بۆ بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی دەكەن:
هێرشی نمایشی: ئەگەری هەیە ڕووسیا چەكی ئەتۆمی وەك نمایش لە ناوچەیەكی چۆڵ بەكاربهێنێت بۆ نمونە لە دەریای ڕەش ئەوەش وەك بەڵگەیەك بۆ ئەوەی مۆسكۆ لە هەڕەشەكانی جدییە.
پسپۆڕان دەڵێن ئەو هێرشە زیانی مرۆیی نییە، بەڵام مەترسی گەورە لە جیهاندا دروست دەكات، چونكە 77 ساڵە ئەو چەكە بەكارنەهاتووە.
بەكارهێنانێكی سنووردار: لەو سیناریۆیەدا ڕەنگە ڕووسیا بە شێوەیەكی سنووردا چەكی ئەتۆمی بەكاربهێنێت بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەكانی ئۆكراین، دەكرێت سەدان و تەنانەت هەزاران كوژراو هەبن.
بۆمبی بەهێزی ئەتۆمی: لەو سیناریۆیەدا ڕووسیا پەنا بۆ بۆمبی 50 تا 100 تۆنی دەبات، بۆمبێك سێ بۆ شەش هێندەی بۆمبەكەی هێرۆشیما بەهێزترە.
هێرشی ئەتۆمی بۆ سەر ناتۆ: ڕەنگە ڕووسیا هێرشی ئەتۆمی بكاتە سەر ناتۆ لە ئەورویا، بەڵام ئەو سیناریۆیە دوورە لە ئێستادا.