لە وڵاتی بەڕازیل، بارانبارینی بەخوڕ لە ساوپاولۆ بووە هۆی دروستبوونی لافاو و بوومەلەرزە و لە ئاكامدا 36 كەس گیانیان لەدەستدا.
ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە دەسەڵاتدارانی بەڕازیل ڕایانگەیاند، بەهۆی لافاو و بوومەلەرزە لە ویلایەتی ساوپاولۆ لانیكەم ٣٦ كەس گیانیان لەدەستداوە.
لە گرتە ڤیدیۆییەكانی شارۆچكەی سان سێباستیۆ كە لە تەلەفزیۆنەكانەوە پەخشكراون و لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەتەوە، دەركەوتووە كە تەواوی گەڕەكەكان لافاویان گرتووە، ڕێگا سەرەكییە ژێرئاوكەوتووەكان و ئۆتۆمبێلەكان بەهۆی دارە كەوتووەكانەوە لەناوچوون و ماڵەكان پڕبوون لە قوڕو لیتە.
حكومەتی بەڕازیل لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، ٢٢٨ كەسی دیكە بێ ماڵ و حاڵ بوون، هەروەها ٣٣٨ كەس لە ناوچەی كەنار دەریاكان لە باكووری ساوپاولۆ چۆڵكراون، لەكاتێكدا تیمەكانی فریاگوزاری كاردەكەن بۆ یارمەتیدانی ئەو كەسانەی كە بەهۆی زریانەكەوە زیانیان بەركەوتووە.
تا ئێستا لە بارەی بێسەر و شوێنبووەكانەوە دەسەڵاتداران هیش ئامارێكیان نەخستووەتەڕوو.
پارێزگاری ویلایەتی ساوپاولۆ، تارسیسیۆ دی فرێیتاس، لە پێنج شار بەدرێژایی كەناراوەكان، باری نائاسایی ڕاگەیاند.
سان سێباستیۆ، ٢٠٠ كیلۆمەتر لە باكووری شاری ساوپاولۆ دوورە و بەشێكی زۆر لە دانیشتوانی شارەكە كۆتایی هەفتەی تێدا بەسەر دەبەن، یەكێكە لەو شارانەی كە زۆرترین زیانی بەركەوتووە و بەپێی وتەی بەرپرسانی ناوچەكە ٦٠ سانتیمەتر باران لە ماوەی ٢٤ كاتژمێردا باریوە.
زیانەكانی لافاو لە ساوپاولۆ
فیلیپی ئۆگستۆ، سەرۆكی شارەوانی شارۆچكەكە زیانەكانی لافاوی بە “زۆر مەترسیدار” وەسفكرد و وتی “هێشتا قەبارەی زیانەكانمان بە تەواوەتی نەزانیوە. هەوڵدەدەین قوربانییەكان ڕزگار بكەین”.
لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی گلۆبۆنیوز وتی، ئێمە كار لەسەر نزیكەی 50 خانوو دەكەین كە بەهۆی فشاری ئاوەوە ڕووخاون و هێشتا خەڵك لەناو ماڵەكاندا ماون.
زیاتر لە 100 تیمی ئاگركوژێنەوە بە هاوكاری هەلیكۆپتەر لە شوێنەكەدا كاردەكەن. هەروەها كارمەندانی سەربازی بەشدارن لە یارمەتیدانی ئەو كەسانەی كە بەهۆی بارانبارینەوە زیانیان بەركەوتووە.
ڕووداوە توندەكانی كەشوهەوا كە بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا ڕوودەدەن، كاریگەری خۆیان لەسەر بەرازیل هەیە، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ ساڵی ڕابردوو لە شاری پترۆپۆلیس زیاتر لە 230 كەس گیانیان لەدەستدا.