بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێكی سەیر بەناوی “ماربۆرگ” لە میسر، هاووڵاتیان كەوتوونەتە دڵەڕاوكێوە و مەترسی دروست كردووە، شارەزایەكی پەتازانیش دەڵێت: “ڤایرۆسەكە زۆر كۆنە و سەریهەڵداوەتەوە.
ئیسلام عەنان، مامۆستای پەتازانی و ئابووری تەندروستی لە میسر، باسی لەوە کردووە، کە ڤایرۆسی “ماربورگ” کۆنە و لە ساڵی ١٩٦٧ دەرکەوتووە.
ڕاشیگەیاندووە، ڤایرۆسەکە تا ئێستا هیچ چارەسەر و ڤاکسینێکی نییە، بەو پێیەی چارەسەرەکە سنووردار بوو بە نیشانەکانی تووشبوون و وتیشی، “ڕێژەی مردن بەهۆی ڤایرۆسەکەوە دەگاتە 80%، لە هەندێک شەپۆلیشدا مردن گەیشتووەتە 88%ی تووشبووان”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “تێکڕای ژمارەی تووشبووانی بەو ڤایرۆسە لە ساڵێکدا زۆر کەمە، هەروەک چۆن ناوچەی باکووری ئەفریقا بە میسریشەوە لە ساڵی ١٩٦٧ەوە هیچ تووشبوونێکی تۆمار نەکردووە”.
عەنان وتوشیەتی، “بەستنی دەمامک و كەرەنتینەكردن یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە تووشبوون بە هەر ڤایرۆسێک، لەنێویاندا ماربورگ”، هاوكات داوا لە هاووڵاتیان دەكات دووربكەونەوە لە باوەش بەیەكداكردن و ماچکردن.
دەشڵێت: “دایکێک کە هەست بە هەر نیشانەیەکی نەخۆشی دەکات لەسەر منداڵەکەی نابێت بینێرێتە خوێندنگە”.