سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایش كۆدەبێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ڕووبەڕووی هەموو پلان و مەترسییەك بوەستنەوە كە ژیانی خەڵكەكەمان دەخاتە ژێر مەترسییەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای فەرماندەیی لە سلێمانی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی بەسەرکردەوە و لەلایەن سەرخێڵ كەمال، لێپرسراوی هێزەکانی ئۆپەراسیۆن پێشوازیلێكرا.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆكی یەكێتی، “بافڵ جەلال تاڵەبانی لە نزیكەوە بەدواداچوونی بۆ مەشقی چڕ و جێبەجێكردنی ئەركەكانی هێزەكە كرد و ستایشی هەوڵی بەردەوام و جوامێرانەی دەزگای ئاسایش و هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی كرد لە پاراستنی سەقامگیریی هەرێم و ژیانی هاوڵاتیان”.
لەبارەی ئەرك و هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەریی یاسا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، ڕووبەڕووی هەموو پلان و مەترسییەك بوەستنەوە، كە ژیانی خەڵكەكەمان دەخاتە ژێر مەترسییەوە و ئەركی ئێوەیە ئارامی بۆ هاووڵاتیان دەستەبەربكەن.
وتیشی، “یاساشكێنان ڕووبەڕووی دادگا بكەنەوە و بەتوندی دژی هەموو جۆرە تێكدانێك بوەستنەوە، ئێمەش پشتیوانتان دەبین”.