ساڵوەگەڕی لەدایكبوونی دڵدارە



دڵدار بە هۆنراوەی سروودی ئەیڕەقیب هەموو كوردی یەكخست

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی لەدایكبوونی شاعیری ناسراوی كورد دڵدارە، شاعیرێك بە هۆنراوەی سروودی ئەیرەقیب توانی هەموو كورد لە چوارپارچەی كوردستان یەك بخات، سروودێك بۆ دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد ئامادەكرا، كە هۆنراوەكەی دڵدار بوو، بەڵام هێشتا بە سروودی نەتەوەیی چوارپارچەی كوردستان دادەنرێت و نەتوانراوە تا ئێستا جێگرەوەیەكی بۆ دیاریبكرێت.

77 ساڵ لەمەوبەر، دڵداری شاعیری نیشتماپەروەر‌و شۆڕشگێڕ، سروودی نیشتمانی ئەی رەقیبی بۆ كۆماری كوردستان(مەهاباد) نووسی‌و ئەو سروودە بووە مارشی ئەو كۆمارە‌و ئیدی لەو كاتەوە ئەو سروودە بەرزە وەك دەقێكی پیرۆز‌و مارشی نیشتمانیی كوردستان سەیری دەكرێت‌‌و تائێستا هێندە پێگەیەكی نەتەوەیی بەهێزی هەیە، هیچ سروودێكی دیكە جێگەی پێ‌ لەق نەكردووە‌و بەبەرزی‌و پیرۆزی ماوەتەوە.

دڵدار ئەگەر چی تەمەنێكی كەم ژیاو لەتافی لاویدا كۆچی دوایی كرد، بەڵام بەهۆی ئەو سروودە بەرزە‌و بەرهەمەكانی دیكەیەوە وەك شاعیرێكی گەورە‌و نەمر‌و پایەدار ماوەتەوە.

دڵدار ناوی تەواوی ( یونس رەئوف مەحمود)ە‌و لەرۆژی 20ی شوباتی 1918 لەشاری كۆیەی مەڵبەندی زانست‌و رۆشنبیری‌و هونەر لەدایك بووە.

قۆناغەكانی خوێندنی لەكۆیە‌و رانیە‌و كەركوك‌و بەغدا تەواو كردووە. ساڵی 1945 بڕوانامەی مافی لەزانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە‌و بووە بەپارێزەر.

دڵدار لەكۆتایی سییەكانی سەدەی رابردوودا تێكەڵاوی ژیانی سیاسی بووە‌و بووە بەئەندامی حزبی هیوا‌و بەهۆی چالاكی‌و هەڵسوڕانی سیاسییەوە زیندانی كراوە.

سەرباری خەباتی سیاسی، دڵدار لەمەیدانی ئەدەبیشدا رۆڵی خۆی گێڕاوە‌و هەر زوو كەوتووەتە ژێر كاریگەری شیعرەكانی نالی‌و حاجی قادری كۆیی‌و عەونی‌و وەفایی‌و بێكەس‌و پیرەمێرد‌و چەندین شیعری جوانی نوسیوە.

دڵدار خاوەنی چەندین بەرهەمە لەدیارترینیان دیوانی شیعرەكانی‌و یاداشتەكانێتی.

ئەم شاعیرە شۆرشگێڕ‌و ناودارەی كورد ، لەتافی لاوی‌و بەجوانەمەرگی‌و لەتەمەنی 30 ساڵی لەرۆژی 12-11- 1948بەیەكجاری لەشاری هەولێر سەری نایەوە‌و ماڵئاوایی لەژیان كردو لەشاری هەولێر بەخاك سپێردراو لەم چەند ساڵەی رابردوو تەرمەكەی گوێزرایەوە بۆ زێدی خۆی و لەشاری كۆیە نێژرایەوە، بەڵام بۆ هەتا هەتایە ناوی بەنەمری لەلاپەڕە درەوشاوەكانی مێژووی كوردو كوردستاندا دەمێنێتەوە.
سوود لە بابەتێكی خەلیل عەبدوڵڵا وەرگیراوە

 

 

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كرێی كارەباشی گران كرد
پێت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كرێی كارەباشی گران كرد
سەركردەیەكی داعش دەستگیركرا
دوات سەركردەیەكی داعش دەستگیركرا
پەیوەنیدر