وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەلایەتی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق ئاشكرای دەكات، كە فۆڕمی ئەلیكترۆنی بۆ وەرگرتنی مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی لە سەرتاسەری وڵات دەستپێدەكات و جەختیشدەكاتەوە، كە 7 توێژ دەتوانن فۆڕم پڕبكەنەوە.
وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، ڕۆژی دوو شەممە 20ی شوبات، دەرگای ناونووسین دەكرێتەوە لە سەرجەم لق و بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەزارەتی كار، بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت لە مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی سوودمەند ببن و تا ئێستا ناویان تۆمار نەكراوە.
ڕاشیگەیاندووە، تۆماركردنی ناو بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەبێت لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتەوە و ئەو هاووڵاتییانەی پێیان وایە مەرجەكانیان تێدایە، دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بكەن.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، جگە لە كەسانی كەمدەرامەت، كچانی گەورە تەمەن (قەیرە)، منداڵانی بێ باوك، ئەو ژنانەی هاوسەرەكانیان مردوون و ئەوانەشی لە هاوسەرەكانیان جیابوونەتەوە یان دیارنەماون، مووچەیان بۆ دەستەبەر دەكرێت دەتوانن ناویان تۆمار بكەن.
لیستی ئەو كەسانەی بڕینەوەی مووچە دەیانگرێتەوە:
1- هەتیو: هەموو منداڵێک، کە دایک و باوکی مردووە، یان باوکی مردووە و دایکی هاوسەرگیری کردبێتەوە.
2- بێوەژن.
3- ژنی تەڵاقدراو.
4- خانەوادەی زیندانی یان دەستبەسەركراو ئەگەر سزاکەی لە ساڵێک زیاتر بووە و حوكمەكەی پلەی كۆتایی وەرگرتبێت.
5- كچی شوو نەكردوو: كچێك، کە تەمەنی گەیشتبێتە 35 ساڵ و هێشتا شووی نەكردبێت.
٦- ئەو کچە پێگەیشتووەی شووی نەكردووە، کە تەمەنی گەیشتۆتە 18 ساڵ و هەردوو دایک و باوکی لەدەستداوە و هیچ بژێوی یاسایی نییە.
7- ژنێك، كە هاوسەرەكەی بێسەروشوێنە، کە بەڵگەی لەسەرە، مافی ئەوەی هەیە داواکاری پێشکەش بکات.