ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە ناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەپێی ڕێنماییەكانی بانكی ناوەندی عێراقی بۆ گەشتیارانی تەمەن سەرووی (١٨) ساڵ بە نرخی ڕەسمی (۱۳۲٠ دینار بۆ هەر دۆلارێك) گۆڕینەوەی (دیناری عێراقی بۆ دۆلار) دەستپێدەكات.
د. بڕیار ڕشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، دوای نوسراومان بۆ بانكی ناوەندی عێراق و بەدواداچونی بەردەواممان و دوای هەوڵ و ماندو بوونی ستافی فرۆكەخانەی سلێمانی و بانكی ( RT) ئەمڕۆ ڕێكارەكان تەواو بوون و لە ئەمڕۆوە (٢٠٢٣/٢/١٧) لەناو فڕۆكەخانە بەپێی ڕێنماییەكانی بانكی ناوەندی عێراقی بۆ گەشتیارانی تەمەن سەرووی (١٨) ساڵ, بە نرخی ڕەسمی (۱۳۲٠ دینار بۆ هەر دۆلارێك ) گۆڕینەوەی (دیناری عێراقی بۆ دۆلار) دەستپێدەكات.
دەقی ڕێنماییەكان :
١- پێویستە گەشتیار هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی بێت.
٢- پێویستە گەشتیار (تكت و بەڵگەنامەكان)ی تایبەت بە گەشتكردنی پێ بێت و دوایی تەواوكردنی ڕێكارەكانی تایبەت بە گەشتكردن (چێكین)و وەرگرتنی بۆردینگ كارت و(لێدانی مۆری ڕۆیشتوو لە پاسپۆرت)ەكەی لە دوا وێستگەی فڕۆكەخانە لە هۆڵی ترانزێتی تێرمیناڵ پارە گۆڕینەوەكەی بۆ ئەنجام دەدرێت.
٣- دیاریكردنی بڕی گۆڕینەوەكان بە گەڕانەوە بۆ ڕێنماییەكانی بانكی مەركەزی عێراقی دەبێت، كە لەلایەن نوسینگەی بانكەكانی ڕێگەپێدراو لەناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی جێ بەجێ دەكرێت.
4- بە پێی ی ڕێنماییە گومرگییەكان گەشتیارانی تەمەن سەرووی (١٨) ساڵ ڕێگەپێدراوە تا بڕی (10,000$) دە هەزار دۆلاری ئەمریكی و (200,000) دوو سەد هەزار دیناری عێراقی لەگەڵ خۆی بباتە دەرەوە,
بۆ ئەو مەبەستە پێویستە گەشتیار ڕەچاوی ئەم ڕێنماییە بكەن و دوایی پارە گۆڕینەوەی (دینار بۆ دۆلار) لەناو فڕۆكەخانەدا, بە هیچ شێوەیەك نابێت لە بڕەكانی ڕێگەپێدراوی ڕێنماییەكان زیاتری پێبێت, بە پێچەوانەوە ڕێگەی پێنادرێت لەو بڕانەی كە ڕێگەپێدراوە زیاتر بباتەوە دەرەوە.
5- ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێت ئاڵوگۆڕی دراو بكەن پێویستە (4) كاتژمێر پێش ئەنجامدانی گەشتەكەیان لە تێرمیناڵی فڕۆكەخانە ئامادەبن.
بۆ وهرگرتنی زانیاری لهسهر ڕێنماییهكان لهم لینكهى خوارهوه سهردانی پهیجی ڕهسمی بانكی ئەقلیمی بازرگانی (RT Bank) بكهن