وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دانوستانەكانی نێوان بەغدا و واشنتن ئەمڕۆ كۆتاییان هات و هەردوولا لەسەر میكانیزمی نوێ بۆ چارەسەری قەیرانی دۆلار رێكەوتون و لەچەند رۆژی داهاتوشدا بەهای دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقی سەقامگیری بەخۆوە دەبینێت.
باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، عێراق لە ڕێگەی گەڕانەوەیە بۆ بەغدای پایتەخت، ئەنجامی ئەم دانوستانەش زیاتر ئەرێنی، سوپڕایزی زۆر گەورە هەیە، وەك لایەنی ئەمریكی گرنگی زۆریان بەرامبەر بە شاندی عێراقی نیشانداوە، بە شێوەیەكی زۆر جیاواز لە هەموو شاندەكانی پێشوو، كە لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا سەردانی ئەمریكایان كردبوو.
ڕاشیگەیاندووە، كە هەردوو لایەن بە هاوكاری یەكتر گەیشتوونەتە میكانیزمی نوێ بۆ چارەسەری قەیرانی دۆلار، لایەنی ئەمریكیش بەشداری دەكات لە خستنەڕوی دراوی ڕەق بۆ ناو عێراق، هەروەها ڕێككەوتن لەسەر شێوازی جێبەجێكردنی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنی، ئەم بابەتەش دەبێتە هۆی سەقامگیری بەهای دۆلار لە بازاڕی ناوخۆیی لە ماوەی زۆر كورتدا، بەپێی نرخی فەرمی خۆی و لە چەند ڕۆژی داهاتودا جێگیر دەبێت.