سێیەمین پێشانگای نێودەوڵەتی تەکنەلۆژی بە هاوکاری قوباد تاڵەبانی کرایەوە، تێیدا زیاتر لە ٧٠ پڕۆژەی گەنجانی کورد نمایشکرا، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، ئێستا لەڕێگای سیستمی ئەلیكترۆنییەوە كاروباری فەرمانگەكان و خاڵە سنوورییەكان بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیووە.
ئەمڕۆ لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی لە تاسڵوجە سێیەمین پێشانگای تەکنەلۆژی بە ناوی “تێک فەیس” کرایەوە، کە زیاتر بە٧٠ پڕۆژە و داهێنانی تەکنەلۆژی نمایشکرا، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
خاوەن بیرۆکەکان زۆرینەیان دەرچووی بەشە تەکنەلۆژییەکانی زانکۆکان بوون، گەنجەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەشدارییان کردووە، چەندین بیرۆکەی جیاواز و سەرنجڕاکێشیان نمایشکرد.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی بەشداری لەپێشانگاکە ڕایگەیاند، ئەم پێشانگایانە هاندانێكی باشە بۆ توانای گەنجان و بەدەرخستنی وزە و داهێنانەکانیان، چونکە گەنجان داینەمۆی داهێنانن لە كوردستان، ئایندەی كوردستان، بازاڕ، حوكمڕانی، ئاسایش و ئابوری بەندە بە تەكنۆلۆژیاوە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا لەڕێگای سیستەمی ئەلیكترۆنییەوە كاروباری فەرمانگەكان، خاڵە سنوورییەكان و تەنانەت پەیوەندییەكانیشمان بەرەوپێشچوونی بەخۆوە بینیوە، بە نمونە بایۆمەتری هەوڵێكی سەركەوتووبوو بۆ تۆماركردن و زانینی ڕێژەی فەرمانبەران و مووچەكانیان، ئێستا قۆناغی دووەمی بایۆمەتری دەستیپێکردووە، یەكێك لە گرنگترین کارەکان دابەشكردنی مووچەیە بە ئۆنڵاین.
دەشڵێت “داهاتی نەوت ئێمەی تەمەڵ كردووە و بووەتە نەخۆشی بۆمان، وایكردووە گرنگی كەرتەكانی دیكەمان بیربچێتەوە، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە چارەسەری ئەو نەخۆشییە بكەین و گرنگی زیاتر بە كەرتەكانی كشتوكاڵ، گەشتوگوزار و توانای گەنجەكانمان لەبواری تەكنۆلۆژیا بدەین “.