“ئەمساڵ هەموو ماڵێك نەوت وەرناگرێت”



هەرچەندە پێنج هەفتە وەرزی زستان و سەرما ماوە، بەڵام تا ئێستا ئەو نەوتەی حكومەتی هەرێم لە سەرەتای پایزی ئەمساڵ بەڵێنی دا نەگەیشتووەتە ناوچەكان، ئەندامێكی كورد لە پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت ئەمساڵ هەموو ماڵێك نەوت وەرناگرێت.

بڕیار ڕەشید، ئەندامێكی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاندووە، “ئەو 50 ملیۆن لیتر نەوتەی لە عێراقەوە دێت بەشی پێداویستیەكانی هەرێمی كوردستان ناكات، ئەوەی سامانە سرووشتییەكانیش بە هەمان شێوە بەشی هەرێمی كوردستان ناكات، واتە ئەو بڕەی كە دەیخەنە خزمەتی هاووڵاتیانەوە لە پێویستی هاووڵاتیان كەمترە لەبەر ئەوە نەخێر هەموو ماڵێك نەوت وەرناگرێت . ”
بڕیار ڕەشید وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی بەوە تۆمەتباركرد كە “‌ وەكو پێویست بەدەم ئەم بابەتەوە نەهاتووە.”

مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سرووشتییەكان بە وەكالەت، ڕایگەیاندبوو كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدابوو بۆ زستانی ئەمساڵ هەر ماڵێك بەرمیلێك نەوت وەردەگرێت. بۆ ئەوەش هەرێمی كوردستان دابەشكرا بەسەر سێ زۆنی ناوچە شاخاوییەكان، قەراغ شارەكان، و سەنتەری شارەكان.

هەنگاوەكە پێشنبینی دەكرا كە گاریگەری هەبێت لەسەر بارودۆخی هاووڵاتیان كە نەوت وەك وزەیەكی سەرەكی بەكاردەهێنن بۆ گەرمكردنەوە و ئامادەكردنی خواردن.

بڕیار ڕەشید كە ئەندامی لیژنەی دارایی و پیشەسازی و بازرگانی پەرلەمانی عێراقە هەماهەنگی وەزارەتی سامانە سرووشتیەكانی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقیدا بە “زۆر خراپ” وەسفكرد. ئەو ڕایگەیاند كە وەزارەتەكە ڕێگربووە لەوەی عێراق بڕێكی نەوت بنێرێت بۆ هەرێم بە نرخێكی كەمتر لەو نەوتەی كە حكومەتی هەرێم بڕیاری دا دابەشیبكات بەسەر هاووڵاتیان.

د. بڕیار ڕەشید دەڵێت” بەرمیلێك نەوت پێویست بوو بە 30 هەزار دینار بێت… ئەوەی كە تێیگەیشتین ئەوەیە كە وەزارەتی سامانە سرووشتیەكانی هەرێم وتویانه، ‘ئێمە خۆمان بە 100 هەزار دابەشی دەكەین. ناكرێت نەوتی تر لە عێراقەوە بێت بە 30 هەزار دابەشبكرێت، چونكە ئەو كاتە خەڵك نەوتی وەزارەتی سامانە سرووشتیەكانی ناوێت.”

پایزی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ دەنگۆی دابەشكردنی نەوت، بەشێك لە پەرلەمانتاران ڕەخنەیان لەو نرخە گرت كە حكومەتی هەرێم دایناوە ، ئەویش نرخی هەر بەرمیلێك بە 103 هەزار دیناری عێراقی.

 

 

كەشناسی هەرێم: سەرما كۆتایی دێت
پێت كەشناسی هەرێم: سەرما كۆتایی دێت
بوومەلەرزەیەك فلیپینی هەژاند
دوات بوومەلەرزەیەك فلیپینی هەژاند
پەیوەنیدر