وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشكرای دەكات، كە سیستمی نوێی كڕینی دۆلار پەیڕەو دەكرێت و ئەمریكا پشتیوانی ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی دەكات.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە و سەرۆكی شاندی عێراق لە ئەمریكا ڕایگەیاند، بە سیستمی نوێ دۆلار دەكڕدرێت و دەزانرێت بۆ كوێ دەبرێت.
ڕاشیگەیاند، لە سیستمی نوێی بانكی شێوازی سوێفت پەیڕەو دەكرێت، كە پێشتر لە دەرەوەی سیستمی سوێفت مامەڵە بە دۆلار دەكرا.
وتیشی، “ئەمریكا پشتیوانی ڕێكارە نوێیەكانی بانكی ناوەندی دەكات”.
جەختیشی كردەوە، حكومەتی عێراق سیستمی كۆنتڕۆڵ كردنی حەواڵە پەیڕەو دەكات و ئەو كۆنتڕۆڵ كردنەش ڕێوشوێنی پێویستی دەوێت.
لای خۆشیەوە، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاندووە، “نرخی فەرمی دۆلار لە بازاڕ نابێت 132.000 تێپەڕ بکات”.
زیاتر لە هەفتەیەكە شاندێكی باڵای ئابووری و دارایی عێراق بە سەرۆكایەتی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە و عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی لە واشنتۆن چەندین كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی بانكی فیدڕاڵی ئەمریكی و وەزارەتی گەنجینە و بانكی (جەی پی مۆرگان) ئەنجام داوە و ڕێككەوتن لەسەر بەهای دۆلار و پەیڕەوكردنی سیستمی بانكی لە عێراق كراوە.