دوای ئەوەی دەنگۆی دەستگیركردنی ڕابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی بڵاوكرایەوە، ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبە ڕایدەگەیەنێت، هەواڵەكە دوورە لە ڕاستیەوە و هەواڵەكە تەنها بۆ كاری گێرە شێوێنی بڵاوكراوەتەوە .
سەعد مەلا عەبدوڵا گوڵپی، ئەندامی سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەواڵی دەستگیركردنی عیرفان عەلى عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی دوورە لە ڕاستیەوە و ئەو هەواڵە تەنها بۆ كاری گیرە شێوێنیە .
ڕاشیگەیاند، ئێمە لە بزووتنەوەی ئیسلامی سکاڵای یاسایی لەسەر هەر کەناڵ و ماڵپەرێک تۆمار دەکەین، کە تۆمەت و هەواڵی ناڕاست لەسەر ڕابەری گشتی و بزووتنەوەی ئیسلامی بڵاودەکەنەوە ، بۆیە هەر جۆرە هەواڵێکی چەواشەکارانە ساردمان ناکاتەوە لە هەوڵەکانمان بۆ هێنانەدی ئاواتەکانی گەلی کوردستان و چەسپاندنی ئاشتی و ئارمی.
بەپێی زانیارییەكان، هەر دوو ڕابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی (عیرفان عەلی عەبدوولعەزیز و كامیل حاجی عەلی ) لەدادگا سكاڵایان له دژی یەكتر تۆماركردووە، دادگا بڕیاری كۆتایی لەسەر كێشەكانیان دەدات .
ئەمە لە كاتێكدایە، وا بڵاوكرایەوە بەهۆی دوو سكاڵای یاسایی لەسەری و ئاگاداركردنەوەی لەلایەن پۆلیس و نەچوون بەدەم داواكارییەكانەوە، هێزێكی ئەمنی بۆ دەستگیركردنی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری بزوتنەوەی ئیسلامی دەچێتە سەر ماڵەكەی.