وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، پێشنیازیان بۆ حكومەتی هەرێمو وەزارەتی ناوخۆ كردووە،ئۆتۆمبێلی كارەبایی هاوردەی هەرێم بكرێت، لەبەرامبەریشدا باجو ڕسوماتیان لەسەر كەمبكرێتەوە، داواشیان كردووە ڕێگریی لەهێنانی جۆرە ئۆتۆمبێلێكیش بكرێت و تابلۆیان پێنەدرێت.
ڕەزاق خەیلانی وتەبێژی دەستەی پاراستنو چاككردنی ژینگەی هەرێم لەلێدوانێكدا بۆ (ڕادیۆی هاتووچۆی سلێمانی) ڕایگەیاندووە:”نوسراویان كردوە بۆ وەزارەتەكانی ناوخۆ، پیشەسازیو بازرگانیو بەشی پێوانەسازیی وەزارەتی پلاندانان تاوەكو ڕێگریی لەمانەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە بكرێت لەهەرێمی كوردستان كە دوكەڵێكی زۆر دەكەنو هۆكارن بۆ پیسبونی ژینگە”.
بە وتەی ڕەزاق خەیلانی:”داوامان كردوە ئەو ئۆتۆمبێلانەی تازەشن، بەڵام دوكەڵ دەكەن بەنمونە ئەو ئۆتۆمبێلانەی ناویان كیا مۆتۆرزە، ڕێگریی لەهاوردەكردنیانو بەكارهێنانیان لەهەرێمی كوردستان بكرێتو تابلۆشیان پێنەدرێت”.
بە وتەی خەیلانی:”داوامانكردووە ئۆتۆمبێلی كارەبایی هاوردەی هەرێم بكرێتو لەبەرامبەریشدا حكومەت باجو ڕسوماتیان لەسەر كەمبكاتەوە”،
ئەم لێدوانەی وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێم لەكاتێكدایە زیاتر لەدوو ملیۆن ئۆتۆمبێل لەهەرێمی كوردستاندا هەیە.