وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم ڕێنماییەكی نوێ بۆ بازاڕی چەك فرۆشان دەردەكات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێبوونی یاسای چەك و یاسای كۆمپانیا تایبەتییە ئەمنییەكان، لە ڕێنماییەكی وەزارەتی ناوخۆدا بۆ هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ هاتووە، كە دەبێت كۆمەڵگەیەكی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی چەكی ئاگرین دابمەزرێت، ئەوەش كۆمەڵێك كاری وەكو كڕین و فرۆشتن و چاككردنەوەی چەك و شوێنی راهێنان لەسەر چەك و سەنتەری مەشقی كارمەندانی كۆمپانیای ئەمنی لەخۆ دەگرێت و لەژێر چاودێریی حكومەتدا دەبێت.
بە پێی ڕێنماییەكەی وەزارەتی ناوخۆ، جگە لە تایبەتمەندییە گرنگەكانی كۆمەڵگەی چەكفرۆشی و مەشق و راهێنان، بەپێی ستانداردەكانی ڕووبەر و بیناسازی و بنەماكانی سەلامەتی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دیاریدەكات.
هەروەها كۆمەڵگەكە بە سیستەمێكی ئەلیكترۆنییەوە بە وەزارەتی ناوخۆوە پەیوەست دەكات و زانیارییەكانی تایبەت بە كڕین و فرۆشتنی چەك و ڕاهێنان و مەشقپێكردنی كارمەندی كۆمپانیای ئاسایشپارێز، لە ژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆدا دەبن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردەوە، كە لە رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆدا، رەچاوی مەرجی تایبەتمەندیی ئەو كۆمەڵگانە لەڕووی ڕووبەر، بینا، سەلامەتیی ئەمنی، خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكان، ڕووبەری سەوزایی، كافتریا و شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلیان بۆ كراوە، كە بە هاوبەشیی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت بەڕێوەدەبرێن.