مافیایەک دۆلاری عێراق کۆنتڕۆڵ دەکات



جارێکی دیکە نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێک نرخی ١٠٠ دۆلار لە ١٥٦ هەزار دیناری عێراقی بەرزبووەوە، لە کاتێکدا بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ زیاتر لە ٢١٣ ملیۆن دۆلاری خستەڕوو، ئەوەش پێچەوانەی پێشبینییەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دینارە.

ئەمڕۆ بانکی ناوەندی زیاتر ٢١٣ ملیۆن دۆلاری خستووەتەڕوو، زیاتر لە ١١٤ ملیۆنی بە نەختینە و نزیکی ٩٩ ملیۆنیش بە حەواڵە، بە نرخی ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٣١ هەزار دینار.

هاوکات لە بازاڕەکاندا بەشێوازێکی چاوەڕواننەکراو نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ ١٥٦ هەزار دینار بەرزبووەوە، لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی بەهای دینار بوون.

بانکی ناوەندی چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە تورکیا و لە واشنتۆن ئەنجامداوە، لەبارەی دۆلارەوە ڕێککەوتوون، بە جۆرێک دوو کۆمپانیای ئەمریکی بۆ حەواڵە و مامەڵەکانی دۆلار بۆ دەرەوەی عێراق دیاریکراون، هاوکات بانکێکیش حەواڵەکردنی دۆلاری لە عێراقەوە بۆ چین گرتووەتە ئەستۆ.

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینە بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، لەبارەی دۆلارەوە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و میکانیزمێکی نوێ بۆ خستنەڕووی دۆلار کاریپێدەکرێت.

لە جیاوازی فرۆشتنی دۆلار لەنێوان بازاڕ و بانکی ناوەندیدا زیاتر لە ٢١ ملیار دینار قازانج هەیە، کە دیار نییە ئەم قازانجە بۆ کێ دەچێت، ئەوەی ڕوونە بۆ حکومەتی عێراقی هیچ کاریگەری نییە، بەڵام بۆ هاووڵاتیان بازاڕ ناجێگیری و شلۆقە کردووە.

لەو ڕێوشوێنانەی بانکی ناوەندی گرتوویەتییەبەر، لە سەرجەم فڕۆکەخانە نێودەوڵەوتییەکانی عێراق نوسینگەی فرۆشتنی دۆلار بە ١٣٢ هەزار کراوەتەوە، تەنها ئەمڕۆ ١٨ کەس لە بەغدا، بەسڕە و نەجەف بە تۆمەتی یاریکردن بە نرخی دراو دەستگیرکراون.

سەرباری هەموو ئەم هەوڵانە بەڵام بەهای دینار بەردەوامە لە دابەزین، لە کاتێکدا لە ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ کەمتر لە ١٥٠ هەزار دینار دابەزی، بەڵام چەند ڕۆژێکە نرخەکە بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵك) ئاشکرای دەکات، کۆمەڵێک مافیای گەورەتر لە دەوڵەت کۆنتڕۆڵی بازاڕی دراویان کردووە، ڕێگانادەن بەهای دینار بەرزببێتەوە.

ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، حکومەت توانای کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکانی نییە و ناشیەوێت ڕێگری لە بە قاچاخبردنی دۆلار بکات، دەڵێت “حکومەت نە جدییە و نە دەتوانێت کۆنتڕۆڵی ئەو بەقاچاخبردنە دەرەوەیەیی دۆلار بکات، چونکە مافیایەکی لە دەوڵەت گەورەتر هەیە، کە کۆنتڕۆڵی بازاڕی کردووە”.

هاوکێشە ئابورییەکان پەیوەندی نێوان خواست و خستنەڕوو دەسەلمێنن، تا خستنەڕوو کەمتربێت خواست زیاتر دەبێت، ئەمەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت ئەم هاوکێشەیەیە، خواستەکان بۆ دۆلار زیاترە لەوەی دەخرێتەڕوو.

جەمال کۆچەر، باس لەوەدەکات، بازاڕی عێراق ڕۆژانە پێویستی بە ١٠٠ بۆ ١٢٥ ملیۆن دۆلار هەیە، بەڵام بەهۆی بەقاچاخبردنی دۆلارەوە خواستی ڕۆژانە ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ ملیۆن دۆلارە، ئەو بڕەی کە بانکی ناوەندیش دەیخاتە بازاڕەوە لەوە کەمترە، بۆیە بەهای دینار بەرزنابێتەوە.

دەشڵێت “چەند خواست و خستنەڕوو لەیەکتر دووربێت ئەوەندە نرخەکان لەنێوان بانکی ناوەندی و بازاڕ جیاوازتر بێت”.

ئەو پەرلەمانتارە دۆخی عێراق بە کەسێکی تووشبوو بە مشەخۆر دەچوێنێت، کە بانکی ناوەندی دەبێت جگە لە پێداویستی ناوخۆ بەشی مشەخۆرەکانیش بخاتە بازاڕەوە، تا بەهای دیناری جێگیربکات.

لەبارەی کاتی بەرزبوونەوەی بەهای دینار دەڵێت “پێم وایە ئەگەر لە بودجە بەهاکەی جێگیربکرێت، کۆنتڕۆڵی سپیکردنەوەی دۆلار بکرێت، سیستمی سوێفت بۆ عێراق جێگیرببێت، ئەوا بەهای دۆلار لەنێوان ١٤٠ بۆ ٤٥ هەزار دینار دەبێت”.

ڕێنمایی نوێ‌ بۆ بازاڕی چەك فرۆشان دەردەكرێت
پێت ڕێنمایی نوێ‌ بۆ بازاڕی چەك فرۆشان دەردەكرێت
مەسعوود كوردپوور لە زیندان ئازادكرا
دوات مەسعوود كوردپوور لە زیندان ئازادكرا
پەیوەنیدر