سەدان ملیۆن كەس ئاوارە دەبن و چەندین شار لە مەترسییەكی بێوێنەدان
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنتۆنی گۆتێرێش، هۆشداریدا لە مەترسی ئاوارەبوونی بەكۆمەڵ لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا و زەریاكان بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمی لە جیهان و توانەوەی سەهۆڵبەندانەكان و داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلەش دەكات.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند ” 900 ملیۆن كەس مەترسی جدیان لەسەرە لە ئەو ناوچانەی نزمایین و لە كەناری دەریا و زەریاكان هەڵكەوتوون، كە دەكاتە یەك لە هەر دە كەسێك لە جیهاندا”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئەو كۆمەڵگایانەی لە ناوچە نزمەكاندا دەژین، دەكرێت بۆ هەمیشە نەمێنن و لەناوبچن”.
دەشڵێت “ئێمە لە تەواوی دانیشتووان بە شێوەیەكی بێ وێنە كۆچی بەكۆمەڵ دەبینین “.
هەندێك لە دوورگە بچووكەكان كە ژمارەیەكی كەمی خەڵك تێیاندا نیشتەجێن، مەترسی ئەوەیان لەسەرە بە تەواوی نەمێنن بەهۆی كاریگەری بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا و فراوانبوونی زەریاكان بەهۆی توانەوەی سەهۆڵ بەهۆی گەرمبوونەوە.
گۆتێرێش جەختیكردەوە “وڵاتانی وەك بەنگلادیش، چین، هیندستان و هۆڵەندا هەموویان لە مەترسیدان”.
ئەوەشی خستەڕوو “شارە گەورەكانی سەرجەم كیشوەرەكان تووشی كاریگەریی توندی ئەو حاڵەتە دەبن، وەك قاهیرە، لاگۆس، ماپوتو، بانكۆك، داكا، جاكارتا، مۆمبای، شەنگەهای، كۆپنهاگن، لەندەن، لۆس ئەنجلس، نیویۆرك، بوینس ئایرێس و سانتیاگۆ”.
شارەزایانی كەشوهەوای نەتەوە یەكگرتووەكان باس لەوە دەكەن، ئاستی دەریاكان لە نێوان ساڵانی ١٩٠٠ بۆ ٢٠١٨دا ١٥ بۆ ٢٥ سانتیمەتر بەرزبووەتەوە.
پێشبینیش دەكرێت تا ساڵی ٢١٠٠، ئاستی دەریاكان ٤٣سانتیمەتر بەرزبێتەوە ئەگەر گەرمبوونی جیهان ٢ پلەی سەدی بێت، دەشگاتە ٨٤ سانتیمەتر، ئەگەر پلەی گەرما بۆ ٣ یان ٤ پلەی سەدی بەرزبێتەوە.