ئۆكراین ئامادەكاری بۆ هێرشێكی گەورە بۆ سەر ڕووسیا دەكات
ئۆكراین ئامادەكاری بۆ هێرشێكی گەورە بۆ سەر هێزەكانی ڕووسیا دەكات، هێرشێك بە هێرشی بەهارە ناوی دەهێنرێت، لەحاڵێكدا ڕووسیاش ماوەیەكی زۆرە لە ئامادەكاری هێرشێكی نوێدایە بۆ ساڵی دووهەمی جەنگ.
جەنگی ڕووسیا و ئۆكراین لە 24ی شووبات دەبێتە ساڵێكی تەواو، جەنگێك كە ڕووسیا نەیتوانیوە ئامانجە سەرەكییەكانی بەدیبهێنێت، ئۆكراینیش بەرگرییەكی سەختی كردووە، ئێستا هەردوولا خۆیان بۆ هێرشی بەهارە ئامادە دەكەن، هێرشێك، قۆناغێكی نوێی جەنگ دروستدەكات، قۆناغێك تێیدا ناتۆ بەشێوازی نیمچەڕاستەوخۆ دێتە گۆڕەپانی جەنگەوە.
سەرۆكی ئۆكراین، ڤۆلۆدۆیمیر زێلێنسكی دەڵێت: هەوڵی دەستەبەركردنی چەكی زیاتر و كاریگەریان داوە بۆ سووپای وڵاتەكەی بۆ ئەو هێرشانەی ئامادەكارییان بۆ كردووە بۆ سەر سووپای ڕووسیا.
ڤۆلۆدۆیمیر زێلێنسكی هەڵسەنگاندنی بۆ كۆبوونەوەی گرووپی بەرگریی دیداری ئۆكراین كرد كە لە بڕۆكسێل بە سەرۆكایەتی ئەمریكا بەڕێوەچووە.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی باسی لەوە كرد لە كۆبوونەوەكەدا، چەند بڕیارێكی گرنگ لەبارەی ئۆكراینەوە دەركراون.
راشیگەیاند: ”ئەمە نۆیەمین كۆبوونەوەی لەم جۆرەیە. بڕیارێكی دیكەی بەهێز درا بۆ پاراستنی دەوڵەتەكەمان و بەهێزكردنی سەربازەكانمان. لەلایەن هاوبەشەكانەوە ڕەزامەندی نیشاندراوە بۆ ناردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی زیاتر. لەگەڵ تانك و تۆپ و گولـلەی زیاتر، هەروەها ڕەزامەندی نیشاندرا لەبارەی مەشقی زیاتر بە سووپاكەمان”.
سەرۆكی ئۆكراین باسی لەوە كرد، لە چوارچێوەی جەنگی ڕووسیا-ئۆكراین ئامادەكارییان كردووە بۆ هێرشكردنە سەر سووپای ڕووسیا و ڕایگەیاند: ”بۆ ئەو هێرشەی ئامادەكاریمان بۆ كردووە ئەوەی لەدەستمان بێت ئەنجامی دەدەین بۆ دابینكردنی چەكی زیاتر و چەكی دورهاوێژی زیاتر و هێزی زیاتر بۆ سەربازەكانمان”.
شەڕ و پێكدادان لە هەرێمەكانی خۆرهەڵاتی ئۆكراین درێژەی هەیە، گرووپی ڤاگنەری ڕووسی هەندێك سەركەوتنی بە دەستهێناوە و پێشڕەویكردووە.
دێنیس پوشیلین، سەركردەیەكی سەربەخۆخوازان لە ناوچەی دۆنێتسكی ئۆكراین ڕایگەیاندووە، ئۆكراین هیچ ئاماژەیەكی نیشان نەداوە شاری باخمووت بەدەستەوە بدات، شارێك زێلێنسكی بە “قەڵا” وەسفی كردووە.
ڕاشیگەیاند “ئێمە تێدەگەین لە ئێستادا هیچ ئەگەرێك نییە بۆ ئەوەی ئۆكراین بەبێ شەڕ خۆی بە دەستەوە بدات بەتایبەت لە شەڕی باخمووت”.
شاری باخمووت پێش جەنگ ژمارەی دانیشتووانی ٧٠ هەزار كەس بوو، لە ماوەی زیاتر لە شەش مانگی ڕابردووی شەڕدا، تا ڕادەیەكی زۆر وێران بوو و زیانێكی زۆری مرۆیی لە هەردوولا هەن.
هەرچەندە گرنگی ستراتیژییەكەی جێی مشتومڕە، بەڵام ئەم شارە بووەتە هێمای ململانێی نێوان مۆسكۆ و كیێڤ بۆ كۆنترۆڵی ناوچەیەكی پیشەسازیی لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەكە.
وتەبێژی فەرماندەیی سووپای ئۆكراین لە ڕۆژهەڵات سێرگی شێرێڤاتی ڕایگەیاند، نزیكەی پێنج هەزار كەس هێشتا لە باخمووتدان، سەرەڕای مەترسییەكان.
لە لایەكی دیكەوە چەند بەرپرسێكی ئۆكراین ئاماژەیان بەوە كرد، بەهۆی تێكچوونی دۆخەكە، گەیشتن بە باخمووت بۆ خەڵكی مەدەنی سنووردار كرا، لەوانەش ئەندامانی ڕێكخراوە مرۆییەكان و ڕۆژنامەنووسان.
شێریڤاتی دەڵێت: “تەنها ئەو كەسانەی بەڕاستی پێویستیان بە چوونە ناو باخمووت هەیە، ڕێگەیان پێدەدرێت بچنە ناو شارەكەوە”.
پاڤلۆ كیریلێنكۆ، سەرۆكی ئیدارەی سەربازی ئۆكراین لە دۆنێتسك دەڵێت: ئێمە ڕێوشوێنی زیاتر دەگرینەبەر بۆ گواستنەوەی هەموو ئەو كەسانەی لە شارەكەدا ماونەتەوە.