ژمارەی گیانلەدەستدان بە بوومەلەرزەكانی باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان، توركیا و سووریا 40 هەزار كەسی تێپەڕاند.
سەرۆككۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە باڵەخانەی سەرۆكایەتی ئیدارەدانی كارەسات و باری لەناكاو (AFAD) كە لە دوای بوومەلەرزەكانی مەڕەش وەكو ناوەندی بەڕێوەبردن بەكاردەهێندرێت، لە دوای كۆبوونەوەی كابینەی سەرۆكایەتی كۆمار گوتارێكی پێشكەش كرد.
سەرۆككۆماری توركیا رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەكانی مەڕەشەوە ٣٥ هەزار و ٤١٨ كەس گیانیانلەدەستداوە و ١٣ هەزار و ٢٠٨ بریندار ئێستا لە نەخۆشخانەكاندا لە ژێر چارەسەردان.
ڕاشیگەیاند “نزیكەی ٢٥٠ هەزار كارمەندی حكوومی لەو ناوچانەی بوومەلەرزە تێیاندا روویداوە، لەسەر ئەركن”.
ئەردۆغان دەڵێت: “لە كۆی زیاتر لە ١٩ هەزار باڵەخانەی رووخاو لە ناوچەی بوومەلەرزەكە كارەكان لە ١٥ هەزاری تەواو بووە”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی كردەوە، كارەكان تا دەركردنی دوایین هاووڵاتیی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە داڕووخاوەكاندا بەردەوام دەبێت “پشكنین بۆ یەك ملیۆن و ٨٥٠ هەزار خانوو و شوێنكار لە نزیكەی ٣٦٩ هەزار باڵەخانە لەلایەن تیمەكانی وەزارەتی ژینگە، شارسازی و گۆڕانكاری ئاووهەواوە ئەنجامدراوە”.
دەشڵێت: “هەر خانوویەك یان هەر شوێنكارێك كە بەهۆی بوومەلەرزەكەوە رووخاوە و بەكەڵكی نیشتەجێبوون نایات، سەرلەنوێ درووست دەكرێتەوە و رادەستی خاوەنەكەی دەكرێتەوە”.
ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی ئەو خێوەتانەی لە ناوچەكانی بوومەلەرزەكە هەڵدراون گەیشتووەتە ١٧٥ هەزار و ژمارەی كۆنتەینەرەكانیش گەیشتووەتە پێنج هەزار و ٤٠٠ دانە “بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان، لە كۆی ٤٧ هەزار باڵەخانە، ٢١١ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون رووخاون یان زیانی زۆریان بەركەوتووە”.
ئاشكراشیكرد: “لە سەرەتای مانگی ئادارەوە راستەوخۆ دەست بە درووستكردنی ٣٠ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دەكەین. بە زانینی ئەوەی تەنها یەك خولەك نییە لە دەستی بدەین، دوای دەستنیشانكردنی زیانەكانی هەر شوێنێك ئەوا دەست بە درووستكردن دەكەینەوە”.
راشیگەیاند “وەكو ئەندامانی كابینەی حكوومەت و كارمەندانی حكوومی بەشداربوو لە كۆبوونەوەی كابینەدا، بڕیارماندا ١٣٦ ملیۆن و ٥٨٩ هەزار لیرە ببەخشین بە ئافاد بۆ زیانلێكەوتووان”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئاماژەی بەوە كرد، ئەو ١٠ هەزار كۆنتێنەرەی لە قەتەرەوە دێن، هاوكارییەكانی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتیش دەخرێتە سەری و دواتریش دەیخەنە بەر خزمەتی ئەوانەی پێویستیان پێیە : “ئامادەكارییەكانی ئەو یەكەی نیشتەجێبوون و شارە نوێیانەی لە ناوچەكە درووستدەكرێن لەلایەن وەزارەتی ژینگە، شارسازی و گۆڕانكاری ئاووهەواو و TOKIوە دەستپێكراوە”.
سەرۆككۆماری توركیا رایگەیاند: “٧٣ هەزار كارمەندی دامەزراوەكانی ئاسایشمان و ٦٥ هەزار لە جەندەرمەمان لە ناوچەكە بە شەو و رۆژ لە هەموو بوارێكدا خزمەت پێشكەش دەكەن”.
ئەردۆغان سەبارەت بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست لەسەر بوومەلەرزەكان هۆشداریدا: “لە ئێستادا ناوی ئەوانەی هەواڵی ناڕاست بڵاو دەكەنەوە و هەوڵی بێ بەهاكردنی ئەو كارانە دەدەن كە فیداكارانە ئەنجام دەدرێن، وەك تێبینی لای خۆمان دەبێت”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، رووی قسەكانی كردە سەرۆكی گشتیی جەهەپە، كەمال كڵجدارئۆغڵۆ : “ژیانت درۆیە، هەمیشە بە درۆ جوڵەت كردووە. ئەم بووختانانە هەرگیز لەلایەن گەلەكەمەوە نابووردرێت”.
لەلایەكی دیكەوە لە ئاكامی وەرگەڕانی مینی پاسێك لە قەزای كەسكین سەربە پارێزگای كرككالە ناوەڕاستی توركیا كە تیمێكی هەڵگرتبوو لە ناوچە كارەساتبارەكەی ماڵاتیاوە دەگەڕانەوە، ١٣ كەس برینداربوون.
دوا بەدوای ئاگاداركردنەوەیان، تیمەكانی تەندروستیی و پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەكە كرانو بریندارەكان بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە و باس لەوە كرا كە برینی هیچ كامیان سەخت نییە.
ئۆپەراسیۆنەكانی رزگاركردن و گەڕان بەدوای قوربانیاندا بەردەوامە:
ئایدیامان:
خاتوونێكی ٧٧ ساڵان دوای ٢١٢ كاتژمێر لە روودانی بوومەلەرزەكە، لەژێر باڵەخانەیەكی داڕووخاودا رزگاركرا.
هاتای:
لە شارۆچكەی ئانتاكیا سەر بە پارێزگای هاتای، دوو هاوسەری بە رەچەڵەك بیانی دوای تێپەڕبوونی ٢٠٩ كاتژمێر بەسەر بوومەلەرزەكەوە رزگاركران.
ئۆسمانییە
لە كۆی ١٤ گومانلێكراو كە بەتۆمەتی كەمتەرخەمی و كەموكوڕی لە دروستكردنی ئەو باڵەخانانەی لە پارێزگای ئۆسمانییە بەهۆی بوومەلەرزەكانی رووخاون دەستگیركرابوون، چواریان زیندانیكران.