مەلا یاسین: ئەو پارەیەی كۆكراوەتەوە بۆ توركیا و سوریا ڕێگای ئەمین نییە بۆ ناردنی
لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانیش چەندین کەمپەین ئەنجامدران بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری و كۆمەك بۆ ناوچە زیانلێكەوتووەكانی بوومەلەرزەكانی باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان و سەرجەم کەمپەینەکان یەکخراون و بەپێی وتەی یەکێک لە سەرپەرشتیاران، بڕی یەک ملیار دینار و 30 بارهەڵگر کاڵا و شمەکیان کۆکردۆتەوە.
یاسین مەحمود، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان و ئەندامی لیژنەی ڕێكخەرانی كەمپەینی “هاوخەمتانین” بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند، “ڕێگەی ئەمین نییە بۆ گواستنەوەی ئەو پارەی کۆمان کردۆتەوە، بۆیە پارەکە دەدرێتە خۆراک و پێداویستی و دەگوێزرێتەوە بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی تورکیا و سوریا”.
وتیشی، “ڕێگەی سوریا نییە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ڕەزامەندی لە تورکیا وەرگرتووە، هەماهەنگی کراوە بۆ گواستنەوەی پێداویستییەکان، هەوڵی گواستنەوەی هاوکارییەکان بۆ سوریاش دەدەین”.
بەشێکی زۆر لەو کاڵا و پێداویستییانەی لەلایەن کەمپەینەکانەوە کۆکراونەتەوە، کاڵا و شمەکی بەکارهاتوون، لە کاتێکدا تورکیا ڕەتیدەکاتەوە ئەو کاڵا و شمەکانە وەربگرێت، کە پێشتر بەکارهێنراون بە بیانووی ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
دوای ئەوەی لە ڕۆژی 6ی ئەم مانگە لە ناوچەكانی توركیا و باكووری كوردستان هەروەها سوریا و ڕۆژئاوای كوردستان چەند بوومەلەرزەیەكی بەهێز ڕوویاندا، بەشێكی ئەو شارانە وێران بوون و تا ئێستاش زیاتر لە 37 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی 100 هەزار كەسیش بریندار بوون و بە سەدان باڵەخانە ڕووخاون و گەڕانیش بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانەی كەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانە و خانووە ڕووخاوەكان.
پێشتر، یاسین مەحمود، ئەندامی لیژنەی ڕێكخەرانی كەمپەینی “هاوخەمتانین” بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، كەمپەینەكە بووە بە كەمپەینێكی سەرتاسەری لە هەرێمی كوردستان.
لای خۆشیەوە، د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەونیدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی ڕێكخەرانی كەمپەینەكەبڕی داهاتی پێنج ڕۆژی كەمپەینەكەی ئاشكراكردوو و ڕایگەیاند، لەماوەی ڕۆژانی كەمپەینەكە بڕی 613 ملیۆن و 180 هەزار دینار لەگەڵ 159 هەزار و 330 دۆلار و هەروەها 200 پاوەن و 150 یۆرۆ و 25 ملیۆن و تمەن-یان بەدەست گەیشتووە .
ڕاشیگەیاند، لە ڕێگەی فاستپەیەوە و ملیۆنێك و 952 هەزار دینار و ئاسیا پەی 423 هەزار و 250 دیناریان بەدەست گەیشتووە، هەموو ئەوانەی كۆكراوەتە دەخرێتە سەر حسابێك لە بانكی ئاڵای هەرێم، بۆ كاری ڕێكخستن و گەیاندنی كۆمەكەكان دەگەیەنرێتە دەست براكیانیان لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان.