دینار بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لەدەستداوە، بەڵام هێشتا بەراورد بە دراوی وڵاتانی دراوسێ دۆخی باشترە، شارەزاییەکیش هۆکاری بەهێزی دینار بۆ بوونی نەوت دەگەڕێنێتەوە، نەک بەهێزی دینار، پێی وا نییە بەم نزیکانە بەهای دینار بەرزنابێتەوە.
لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەم بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزی، لە بەرزترین ئاستیدا نرخی ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٧٤ هەزار دینار بوو، دینار بە نزیکەیی ٪١٧ بەهاکەی لەدەستدا، ئەمەش کاریگەری تەواوی کردە سەر بازاڕەکان و نا جێگیری ئابوری عێراق.
بانکی ناوەندی لەپێناو جێگیرکردنەوەی بەهای دینار، ئێستا ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر ١٣١ هەزار دینار دەفرۆشێت، ئەمە دۆخەکەی تا ڕادەیەکی کەم جێگیرکرد، لە بازاڕەکاندا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٥٣ هەزار دینار دەفرۆشرێت.
ئێستا نرخی ئەو ١٠٠ دۆلارەی لە بازاڕدا دەفرۆشرێت بەرامبەر بەو نرخەی بانک ناوەندی دەیفرۆشێت ٢٢ هەزار زیاترە، بەڵام بەرارود بە ١٧٤ هەزار دینار هەرزانترە، بانکی ناوەندی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار، هێشتا بازاڕ جێگیرنەبووە.
سوپا سەلام، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی دارایی گشتی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ (خەڵك) هۆکاری بە ئەنجام نەبوونی هەوڵەکانی بانکی ناوەندی ڕووندەکاتەوە.
خەڵك: بۆچی بەهای دینار بەرزنابێتەوە؟
سوپا سەلام: لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش خواستێکی زۆر لەسەر دراوی بیانی بەتایبەت دۆلاری ئەمریکی هەیە، ئەمە وایکردووە بانکی ناوەندی هەرچەند خستنەڕووی زیاتربێت، خواستەکە لە ئاستیدا هێندە بەرزەدایە، بانکی ناوەندی ناتوانێت ئەو خواستە پڕبکاتەوە، بەرپرسانی عێراق و ئەمریکی نایشارنەوە دۆلارێکی زۆر لە ڕێگای سپیکردنەوەی پارەوە لە عێراقەوە بۆ تورکیا و ئێران دەگوازرێتەوە، ئەمەش وایکردووە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکی لەمپەر دروستبکات لەبەردەم خستنەڕووی دۆلار لە عێراقدا.
خەڵك: ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتی ڕۆژانە بانکی ناوەندی هاوشێوەی ١٢ی ئەم مانگە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بخاتە بازاڕەوە نرخی دینار بەرزنابێتەوە؟
سوپا سەلام: پێم وایە بانکی ناوەندی هەر ١٠٠ ملیار دۆلارەکەی یەدەگی عێراق بخاتە بازاڕەوە ناتوانێت کێشکە چارەسەر بکات، لەبەر ئەوەی دەروازە سنورییەکان بۆ بەقاچاخبردن و سپیکردنەوەی دۆلار واڵایە، بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەیەکی بەڕیتانی ڕۆژانە ٦٠ بۆ ٧٠ ملیۆن دۆلار بۆ تورکیا و ئێران دەگوازرێتەوە، هاوکات تمەنی ئێرانی ئەگەر بە کۆنتێنەر بیهێنرێتە بازاڕەکانی عێراقەوە بە دۆلار ساخدەکرێتەوە، ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی بانکی ناوەندی هەرچەند بڕیاری کارگێڕی دەربکات، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار نەچێتەوە شوێنی خۆی.
خەڵك: بڕیارە سەرجەم مامەڵە بازرگانییەکان و حەواڵەکان لە ڕێگای دوو کۆمپانیای ئەمریکییەوە بکرێت، ئەمە چارەسەری کێشەکە دەکات؟
سوپا سەلام: ئەمە چارەسەرێکی زۆر سەرەتاییە، لە ڕێی ئەو دوو کۆمپانیایەوە دەتوانێت کۆنتڕۆڵی بەشێکی زۆر کەمی دۆلار بکات، ئەی ئەو بەشە زۆرەی کە لە بازاڕی ڕەشدا دەستاودەستی پێدەکرێت، ئەمە خۆی لە خۆیدا کارەساتە، چونکە ئەگەر حکومەت بیەوێت بەها دراوەکەی سەقامگیر و جێگیربکات دەبێت قۆناغی یەکەم خرانەڕوو و خواست لەسەر دۆلار کۆنتڕۆڵبکات.
خەڵك: کەی بەهای دینار لەبازاڕدا نزیک دەبێتەوە لەو نرخەی بانکی ناوەندی دەیفرۆشێت و دەچێتە ١٣١ هەزار؟
سوپا سەلام: پێشبینی کردن قورسە، بەڵام خوێندنەوەی من بۆ دۆلار ئەوەیە کە پێم وانییە وەک ئەوەی بەرپرسانی عێراقی دەیڵێن نرخی دۆلاری ئەمریکی بگەڕێتەوە دۆخی جارانی، لە یادمان نەچێت کاتێک ساڵی ٢٠٠٤ کە١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر ١٥٠ هەزار دینار شکێنرایەوە، نزیکی ١٦ بۆ ١٧ ساڵی خایاند تا بووە ١١٧ هەزار دینار، چونکە سروشتی ئابوری وایە، کاتی بەرزبوونەوەی نرخەکان زۆر خێرایە، بەڵام بۆ دابەزاندن کات و ماوەی خۆی دەوێت.
خەڵك: چارەسەر بۆ بەرزکردنەوە و جێگیرکردنی بەهای دینار چییە؟
سوپا سەلام: باشترین چارەسەر ئەوەیە کە حکومەت ناوەندیانە مامەڵە بە دۆلارەوە بکات، چەند بانکێکی فەرمی هەبێت، مامەڵەکان تەنها لەو بانکانەوە بکرێت، ئەو بازاڕانەی کە بازاڕی ڕەشن و هۆکارن بۆ زیادبوونی خواست کۆنتڕۆڵبکرێت، وە ئەو مامەڵە دارایی و بازرگانییەکان کە دەکرێت لە ڕێی کەناڵە فەرمییەکانی حکومەتەوە بکرێت، ئەو کاتە دەردەکەوێت کە عێراق ڕۆژانە پێویستی بە چەند ملیۆن دۆلار ئەمریکی هەیە، بانکی ناوەندیش ئەوەندە دەخاتە بازاڕەوە، بەمەش دەتوانێت سەقامگیری بۆ بەهای دینار بگەڕێنێتەوە.
خەڵك: دراوی بەشێکی زۆر وڵاتانی دراوسێی عێراق بەهاکەی لەدەستداوە، دینار دەتوانێت بەهێز بمینێتەوە؟
سوپا سەلام: لەم قۆناغەی ئێستا دینار ناڕوخێت، بەڵام ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێت، تەواو بێبەها دەبێت و هێزی شتکڕینی خۆی لەدەستدەدات، بەتایبەت کە عێراق ٪٩٠ هەناردەکردنی نەوتە وە کۆی بەرهەمی خۆماڵی لە ئاستێکی زۆر لاوازدایە، ئەمە واتا مامەڵەکان بە دراوی قورسی دۆلارە، ئازایەتییەکە هی نەوتەکەیە، نەوتەکە هەمووی بە دۆلارە، دۆلارێکی باش دێتە ناو وڵاتەکەوە، ئەگینا دراوی دیناری عێراقی ئەوەندە بەهێز نییە، هیچ یەک لەو وڵاتانەی کە بەهای دراوەکەی دابەزیوە ئامادە نییە بە دینار مامەڵە بکات، بەڵکو سحری نەوتەکەیە بەهای دینارەکەشی ڕاگرتووە، هەر ئەوەندە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکی بە عێراق بڵێت نەخێر، ئەو کاتە دەبینین دیناری عێراق چی لێدێت و چۆن دەڕوخێت.