لە هاتای قەیرانی “تەرم” ناشتن سەریهەڵدا



 

داوای بەهاناچوونی بەپەلە دەكرێت و دەوڵەت ڕاستییەكان دەشارێتەوە، هەزاران كەس بێسەروشوێنن و كەسوكاریان بەدوایاندا دەگەڕێن

بەپێی ئامارەكان ژمارەی قووربانیانی بوومەلەرزەكەی باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان، توركیا و سووریا تا دێت بەرزتر دەبێتەوە و گەیشتە زیاتر لە 37 هەزار گیانلەدەستدان.

لە باكووری كوردستان 31 هەزار گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی 90 هەزار برینداریش هەن.

پێشبینیدەكرێت ژمارەی ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە بۆ چەند هێندە بەرز ببێتەوە، بەهۆی ئەوەی هێشتا هەزاران كەس لە ژێر باڵەخانە ڕووخاوەكاندان، ئومێدی زیندوومانیان زۆر كەمبووەتەوە.

بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەكان لە باكووری كوردستانەوە، هاتای، مەڕەش، غازی عەنتاب، ئایدیامان، ئامەد لە پارێزگا كارەساتبارەكانن، تا دێت ژمارەی قووربانیان بەرزتر دەبێتەوە، بەجۆرێك لەئاستی مەترسیدار نزیكبووەتەوە.

شاری هاتای شارێك زۆرینەی وێران و خاپووربووە، داوای بە هاناوەچوونی بەپەلە دەكرێت، دەوڵەت ڕێگا بە گەیشتنی ڕاستییەكان نادات.

بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەكان لەباكووری كوردستانەوە، لەبەشێك لە شارەكان بەتایبەت مەڕەش و هاتای و ئایدیامان، ئیسلاحییە، لەنێو ناوەندە تەندرووستییەكاندا تەرمی قوربانیان لە ڕێڕەوی نەخۆشخانەكان فڕێدراون، نەكەس هەیە بیاننێژێت، نە كەس هەیە بیانناسێتەوە، نە شوێنی هەڵگرتنی تەرم هەیە.
لە هەندێك شوێن تەرم لە سەر شەقام و كۆڵانەكان فرێدراون.

زوڵێخا گولوم پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە دەڵێت “لە هاتای كاولبوون و خاپووربوونێكی جدی هەیە، بیناكان بەپێی بەرگەگرتن لەسەر هێڵی بومەلەرزە دروستنەكراون، بۆیە زیانەكە قورسە، ژمارەی گیان لەدەستدان بەرزە و هێشتا خەڵكێكی زۆر لە ژێر داروپەردووەكاندان”.

دەشڵێت “كێشەی جدی هەیە و دەوڵەت هیچ ئامادەكارییەكی نییە، بینای دەزگای ئافاد خۆشی و نەخۆشخانەكانیش ڕووخاون، فڕۆكەخانەكە ڕووخا، چونكە بەبێ ڕەچاوكردن لەسەر هێڵی بوومەلەرزە دروستكراوە، هەرچەندە هاوڕێیان لە ژووری تەلارسازان و ئەندازیاران ئاگاداریان داوە سەبارەت بە هێڵی بوومەلەرزە، بەڵام دەوڵەت فڕۆكەخانەكەی هەر لەوێ دروستكردووە و سەرباری ئەوەش ڕەچاوی بەرگەگرتن بەرامبەر بە بوومەلەرزەی تێدا نەكراوە”.

زوڵێخا گولوم ئاماژە بەوە دەكات “ئێستا بەهۆی نەبوونی ڕاگەیاندن و ئاگاداركردنەوە، كێشەی گەورە و جدی هەیە، ئێمە ناتوانین بڕۆین بۆ ئەوێ، یان پەیوەندییان لەگەڵ دروست بكەین. پەیوەندیكردن زۆر قورسە هیچ هێڵێكی تەلەفۆن نییە، كێشەی سەرەكی بەهۆی نەبوونی پەیوەندییەوە، كەسوكاری نەخۆشەكان و زیانبەركەوتوان نازانن خزمەكانیان لە كوێن. ئەوانەی چوون بۆ نەخۆشخانەكە گواستراونەتەوە بۆ شارەكانی تر، هیچ تۆمار و ئامارێكییان نییە. ئێستا خەڵك بەدوای خزموكەسوكاری خۆیدا دەگەڕێت تاوەكو بزانن گیانیان لە دەستداوە، یان بریندارن، یان لە كوێن، بەڵام هیچ دیار نییە”.

ڕوونیشیكردەوە، لێرە ئۆپۆزسیۆن، شۆڕشگێڕەكان و سۆسیالستەكان و رێكخراوە جەماوەرییە دیموكراتیكەكان هاوكاریی گەل دەكەن، لە دەرەوەی هاوكاریی زۆر دێت، بەڵام لەبەر ئەوەی سیستم نییە شپرزەیی و پلان بۆ دابەشكردنی باش نییە.

ڕاشیگەیاند، لێرەدا گیانلەدەستدان زۆرە و بەخاكسپاردنی تەرمەكان بووەتە كێشەیەكی گەورە.

باسی ئەوەشیكرد، ناوچەكە لە مرۆڤ چۆڵ دەكرێت، كۆچبەرەكان هاندەدرێن بۆ ڕۆیشتن، هاتای لە مرۆڤ چۆڵ دەكرێت، ئێرە شوێنێكی كولتوری و رۆشنبیری و ناسنامە و شێوەیەكی ژیانە، چۆڵكردنی ئێرە بە واتای سڕینەوەی تەواوەتی دێت. ئێمە هەوڵ بۆ سڕینەوەش دەبینین”.

 

بە تۆمەتی دزیكردن چوار كەس دەستگیركران
پێت بە تۆمەتی دزیكردن چوار كەس دەستگیركران
هاوکارییەکەی نەنە خورشید، دەبێتە باسی گەرمی میدیاکانی تورکیا
دوات هاوکارییەکەی نەنە خورشید، دەبێتە باسی گەرمی میدیاکانی تورکیا
پەیوەنیدر