هاوکارییەکەی نەنە خورشید، دەبێتە باسی گەرمی میدیاکانی تورکیا


لەدووری ٤٠ کیلۆمەترەوە لە شارۆچکەی بەردەقارەمان، ژن و مێردێکی بەتەمەن سەرەڕای دەستکورتییان دیمەنە ناخهەژێنەکانی بوومەلەرزەی تورکیا و سوریا کاریان تێدەکات و بەئومێدی گەیاندنی هاوکاری رێگای سلێمانی دەگرنەبەر و هەرچییەک لە ماڵەکەیاندا لە توانایاندا بێت دەیبەخشنە کەمپینی هاوکاری ” هاوخەمتانین” بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە.

نەنە خورشید کە لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدایە، بەڵام سەختیەکانی ژیان، هێندە چرچولۆچی خستووەتە رووخساریەوە زۆر لە تەمەنی خۆی زیاتر دەردەکەوێت، بەڵام هێشتا چوست و چالاکە و کارەکانی رۆژانەی خۆی و هاوسەرەکەی بەتەنیا جێبەجێ دەکات.

 

خورشید حوسێن محەمەد لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٨ە لە گوندی بەرگوردی سەر بە قەزای ماوەت.

 

چیرۆکی نەنە خورشید زۆر بە ئازارە، کاتێک بەهۆی زوڵم و زۆری رژێمی بەعسی رووخاوەوە ناچار دەبن گوندەکەیان لە شارباژێر بەجێبهێڵن و دواتر لە ئۆردوگای زۆرەملێی باینجان(بەردەقارەمان) نیشتەجێ دەبن.

 

نەنە خورشید باس لەوە دەکات ئەو ئێوارەیەی بیستوویەتی بوومەلەرزە لە تورکیا روویداوە، و لە رێگەی کەناڵەکانەوە خەڵکی لێقەوماوی تورکیای بینیوە کە بێماڵ و حاڵ بوون، رۆژانی سەختی گوندەکەیانی بیرکەوتووەتەوە کە چۆن دەربەدەر کراون و بەو هۆیەوە بێ ماڵ و حاڵ بوون، ئەو بەجۆرێک دیمەنەکانی بوومەلەرزەكه‌ کاری تێکردبوو، بەردەوام لەگەڵ بینینەوەی دیمەنەکان ناخی دەهەژا و فرمێسەکەکانی تنۆک تنۆک لە چاوانی دەڕژان.

 

ئه‌و ژنه‌ به‌ته‌مه‌نه‌ تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئەو رۆژەی بوومەلەرزەکە روویداوە، و دواتر بیستوویەتی هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری لە شاری سلێمانی دەستی پێکردووە، خۆی کۆدەکاتەوە و بە هاوسەرەکەی دەڵێت من دەچمە سلێمانی و بەشداری هاوکاری لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە دەکەم.

 

نەنە خورشید ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، لەماڵەکەمدا تەنیا ٥٠ هەزارێکم شک دەبرد لە پارە، کە مووچەی هاریکاری کەمئەندامێتیە، لەگەڵ یەک دوو پارچه‌ جلوبەرگدا، دەستم دانێ و بە تەکسیەک سەرەڕای ناساغیم خۆم گەیاندە سلێمانی.

 

نەنە خورشید و مام عەلی خاوەنی سەخاوەتێکی هێندە بەرزن بەردەوام ئەو هاوکارییانەی کە بۆیان دەنێردرێت لەلایەن خێرخوازان و کەسە نزیکەکانیانەوە، هەوڵ دەدەن بیبەخشن.

 

هەر ئەمەشە چیرۆکی لە ژیاندا مانەوەی ئەم دوو هاوسەرە لێقەوماوە و وایکردووە ئەگەر کەسێک بۆ یەکجار نەنە خورشید و مام عەلی ببینێت، بۆ جارێکی تر تامەزرۆی بینینەوەیان بێت.

 

نەنە خورشید ئێستا لەنێو زۆرێک لە میدیاکان و خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بە دڵی لێقەوماوان ناسراوە و بەهۆی ئەو هەڵوێستەی کە نواندوویەتی بۆ هاوکاری لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە، سەرجەم خەڵکی هەرێم و وڵاتانی دەرەوەش دەیناسن و بەم شێوەیە باس لە چیرۆکی بەناوبانگ بوونی خۆی دەکات و دەڵێت: “ئەو بەیانییەی بە زوویی خۆم گەیاندە سلێمانی، شەوەکەی خەوم لێنەدەکەوت، بە هەیەجانی ئەوەی هەرچی زووترە بگەمە شوێنی کەمپینەکە، دڵم قوڵپی دەدا، دەمگوت تۆبڵێی یارمەتیدانی لێقەوماوان ببێت بە نسیبم، ئەو شەوەم بە گریان بەڕێکرد، بەهۆی کەمئەندامیمەوە زۆر ئەستەم بوو بتوانم بگەمە سلێمانی، هاوسەرەکەم چەندین جار پێی گوتم مەچۆ ناتوانیت، لەوێ شتێکت لێدێت، بەڵام من هەر گوێم پێنەدا و بەو باران و رەهێڵەیە خۆم گەیاندە شاری سلێمانی، لەوێ گوتیان دەبێت کەمێک چاوەڕێ بکەیت، تاوەکو تەکسیەکەم دێتەوە بەشوێنمدا، لەوکاتەدا کۆمەڵێک وێنەگر وێنەیان گرتم و پرسییان بۆچی لێرەی منیش بە دڵی پرگریانمەوە دڵخۆش بووم کە یارمەتیدانی لێقەوماوانم بەنسیب بوو، ئیتر هەموو کەناڵەکان چیرۆکەکەیان گواستەوە و دواتر رێکخراوێک هەڵسا بە هاوکاریکردنم بۆ ئەوەی بچمە عەمرە”.

 

نەنە خورشید، جیا لە میدیاکانی هەرێم و عێراق، سەرباسی زۆرێک لە میدیا تورکییە ناودارەکانە و تێکڕا ستایشی هەوڵە مرۆڤدۆستانەکەی دەکەن، کە لە بژێوی ژیانی سەختی خۆی گرتووەتەوە و کۆمەکی لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی پێ دەکات.

 

دوابەدوای دیمانەیەکیشی لە ئاژانسی فەرمی ئەنادۆڵو، وێنەکانی نەنە خورشید و هەنگاوە گەورە و مرۆڤدۆستانەکەی تەواوی میدیاو سۆشیاڵمیدیای تورکیی تەنی و ئەوەی لە بەرامبەری دەوترا، لە ستایش و پێزانین بەدەر نەبوون و لای هەندێکیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مایەی بەخۆدا هاتنەوە بوو دەرهەق بە کەسانێک کە خودا بە کورد خەلقی کردوون و لە جێیەکیش ژیان دەکەن کە ناوی کوردستانە.

ئەم کارەی نەنە خورشید وایکرد، زۆریك لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە ئایکۆنی کۆمەک و هاوکارییەکانی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییەی سووریا و تورکیا ناوی بهێنن و  هێندە ستایش و پێزانین بۆ هەوڵەکانی کراوە و نوسراوە کە کۆتایی نایەت.

 

دەنگدانەوەی هاوکارییەکەی نەنە خورشید لە میدیا تورکییەکان

سەرچاوە/ ئەنادۆڵو – ئاژانسەکان – میدیا تورکییەکان

لە هاتای قەیرانی “تەرم” ناشتن سەریهەڵدا
پێشت لە هاتای قەیرانی “تەرم” ناشتن سەریهەڵدا
توركیا دەروازە سنوورییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان ناكاتەوە
دواتر توركیا دەروازە سنوورییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان ناكاتەوە
پەیوەندیدار