بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بۆ تەواوكردنی پرۆژەی رێگای كەلار- دەربەندیخان، هەفتانە بڕی 250 ملیۆن دینار بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار تەرخان دەكرێت.
جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بە یاوەری قائیمقام و بەڕێوەبەری یەكە ئیدارییەكان، لەگەڵ د.ماكوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەبارەی پرۆژە راگیراوەكانی گەرمیان كرا.
بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی رایگەیاندووە، بۆ تەواوكردنی پرۆژەی رێگای كەلار- دەربەندیخان، هەفتانە بڕی ٢٥٠ ملیۆن دینار بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار دابین دەكەن و نەختینەی پێویستیش بۆ كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەی رێگای كەلار- كفری دابین دەكەن، بە مەرجێك كۆمپانیای جێبەجێكاری هەردوو پرۆژەكە رێژەی ئەنجامدراوی بەرچاویان هەبێت.
دووپاتیشیكردەوە، شایستە داراییەكانی تەندروستی گەرمیان، كە مانگانە ١٥٠ ملیۆن دینارە وەك خۆی بەردەوام دەبێت بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانیان و هەروەها بەپێی زیادكردنی كاش كار دەكەن بۆ دابینكردنی پارەی دەرمانی تەندروستی گەرمیان هاوشێوەی شارەكانی دیكە.