مێژووی وێرانترین بوومەلەرزەکان لە ناوچەکەدا



لە دەیەکانی ڕابردوودا بوومەلەرزە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای گرتەوە، بەڵام لەو ماوەیەدا هەر یەکە لە ئێران و مەغریب و تورکیا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و دانیشتوانەکانیان بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێی مان و نەماندا ژیاون.

 

بوومەلەرزەکەی ئەرزینجان – تورکیا

لە ساڵی ١٩٣٩ تورکیا بوومەلەرزەیەکی وێرانکەری بەخۆیەوە بینی کە لە ٢٧ی کانوونی دووەمدا پارێزگای ئەرزینجانی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەی هەژاند.

ئەم بوومەلەرزەیە توندترین بوومەلەرزەیە کە لە ماوەی نزیکەی چوار سەدەدا تورکیای گرتبێتەوە، گوڕەکەی ٧.٨ بوو بە پێوەرەکانی ڕێختەر و نزیکەی ٣٣ هەزار کەس تیایدا گیانیان لەدەستدا، ئەم بوومەلەرزە وێرانکەرە لە کاتژمێر یەکی شەو ڕوویدا و وێرانە و خاپووربوونێکی سامناکی بەبەری شارەکەدا کرد.

 

بوومەلەرزەکەی ئەسنام – جەزائیر

لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٨٠ لە شاری ئەسنام (چلێفی ئێستا) لە باکووری جەزائیر بوومەلەرزەیەک ڕوویدا، ئەم بوومەلەرزەیە خراپترین بوومەلەرزەیە لە جەزائیر لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا تۆمارکرابێت، کە گوڕەکەی ٧.٣ پلەبوو بەپێوەری ڕێختەر.

ئەم بوومەلەرزەیە لە کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ ڕوویدا و بە بەهێزترین بوومەلەرزە دادەنرێت لە بومەلەرزەکانی ناوچەی باشووری دەریای ناوەڕاست لە ماوەی دوو سەدەدا، کە  زیاتر لە ١٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان هەزاریش  بریندابوون.

 

بوومەلەرزەکەی ڕودبار – مەنجیل – ئێران

لە هاوینی ساڵی ١٩٩٠ لە پارێزگای ڕودبار لە باکووری ئێران، بە تایبەتی شارەکانی ڕودبار و مەنجیل بوومەلەرزەیەک ڕوویدا، کە گوڕەکەی ٧.٤ پلە بوو بەپێوەری ڕێختەر، ژمارەی گیانلەدەستدان لە نێوان ٣٥ بۆ ٥٠ هەزار کەس مەزەندە کرا و دەیان هەزار کەسیش بریندار و بێ ماڵ و حاڵ بوون.

لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا توندترین بوومەلەرزە بووە لە مێژووی ئێران دا.

 

بوومەلەرزەکەی ئیزمیت – تورکیا

ساڵی ١٩٩٩ لە شاری ئیزمیتی پایتەختی پارێزگای کۆجائێلی لە باکوری ڕۆژئاوای تورکیا، کە بە بوومەلەرزەی مەڕمەڕە ناسراوە، نزیکەی ١٨ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

بوومەلەرزەکە کاتژمێر ٣ی بەیانی ڕوویدا، کە گوڕەکەی ٧.٦ پلە بوو، ئەمەش بووە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان لە پاڵاوگەیەکی نەوتدا، بەهێزی ئاگرکەوتنەوەکە بەجۆرێک بوو، حکومەتی تورکیا داوای هاوکاری نێودەوڵەتی کرد و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئابووری تورکیا دروست کرد.

 

بوومەلەرزەکەی بومێردێس – جەزائیر

لە باکووری جەزائیر لە مانگی ئایاری ٢٠٠٣، لە شاری بۆمێردێسی جەزائیر زەمین لەرزەیەک بە گوڕی ٦.٨ پلەی ڕێختەر ڕوویدا کە ٣ هەزار کەس تیایدا گیانیان لەدەستدا و سەدان برینداریشی لێکەوتەوە.

زەمین لەرزەکە، کاتژمێر حەوت ئێوارە روویدا و کاردانەوەکانی گەیشتە جەزائیری پایتەخت و بووە هۆی ڕووخاندنی دەیان باڵەخانە، ئەمەش وایکرد دەسەڵاتدارانی جەزائیر کۆدەکانی بیناسازی لە چەند ناوچەیەکدا بگۆڕن.

 

بوومەلەرزەکەی بام – ئێران

ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا تووشی دەیان بوومەلەرزە بووە، یەکێک لە مەترسیدارترین بومەلەرزەکان لە باشووری ئێران لە کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٣ ڕوویدا، کە بوومەلەرزەکەی بام لە باشووری ئێران بوو، گوڕی ئەم زەمین لەرزەیە ٦.٦ بوو، ژمارەی هیانلەدەستدان گەیشتە ٣٤ هەزار کەس کە زۆرێکیان منداڵ بوون.

 

بوومەلەرزەی ئەلحوجەیما – مەغریب

لە شوباتی ٢٠٠٤ کاتژمێر دووی بەیانی، لە پارێزگای ئەلحوجەیمای باکووری مەغریب، بوومەلەرزەیەک بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی ٦٣٠ کەس و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە و خاپوور بوونی دەیان باڵەخانە، کە گوڕی ئەم زەمین لەرزەیە ٦.٣ پلە بوو.

 

بوومەلەرزەکەی کەهرامان مەرش – تورکیا و سوریا

شەوی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣، کاتژمێر چواری بەرە بەیان، باشووری تورکیا و باکووری سووریای گرتەوە، تا ئێستا زیاتر لە 35 هەزار کەس گیانیانلەدەستاوە و ژمارەی قوربانیانیش بەرەو هەڵکشانە.

قەبارەی ئەم کارەساتەکە سروشتییە، بەهۆی کاردانەوەکانی شەڕی ناوخۆی سوریاوە خراپتر بوو بۆ گەیشتنی تیمەکانی هاوکاری و فریاگوزاری.

گوڕی ئەم زەمین لەرزەیە ٧.٨ پلە بوو بە پێوەری ڕێختەر.

بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەكان تا ئێستا ٢٨٠٠ پاشلەرزە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا تۆماركراون، بەجۆرێك تەنها لە ڕۆژی شەممەدا ٧٠ بوومەلەرزە تۆماركراون.

هاوكات ٢٥ هەزار باڵەخانە بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە زیانیان پێگەیشتووە، لەنێویاندا زیاتر لە شەش هەزار باڵەخانە بە تەواوی وێرانبوون.

بەپێی زانیارییەكان نزیكەی ١٠٠ دەوڵەت لە توركیا هاوكاری لێقەوماوان دەكەن، لەوانە ٦١ دەوڵەت تیمی فریاگوزاریان ناردووە.

 

وەزیری دارایی زانیاری نوێ‌ لەسەر دۆلار و بودجەی ئەمساڵ ئاشكرادەكات
پێشت وەزیری دارایی زانیاری نوێ‌ لەسەر دۆلار و بودجەی ئەمساڵ ئاشكرادەكات
مەسعود بارزانی: پارتی و حزبی شیوعی چین توانیویانە بە خەباتی خۆیان سەربكەون
دواتر مەسعود بارزانی: پارتی و حزبی شیوعی چین توانیویانە بە خەباتی خۆیان سەربكەون
ەیوەندیدار