گرووپە چەكدارە توندڕۆكانی سەر بە توركیا لە هەرێمی عەفرین دەست بەسەر بەشێكی ئەو هاوكارییانەدا دەگرن كە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ناوچەكە رەوانەكراون.
ئەندامانی گرووپی چەكداری سوڵتان سلێمان شا نزیك لە توركیا، ئەو هاوكارییە مرۆییانەی لە هەرێمی كوردستانەوە پێشكەشی شارۆچكەی جێندرێس لەگوندەوارەكانی عەفرین كراون بەشێكیان بۆ خۆیان بردووەو بەتەواوەتی دابەشنەكراون.
سەرچاوەیەكی تایبەت بە ئاژانسی نۆڕس پرێسی ڕاگەیاند، ئەو هاوكارییە مرۆییانەی هەرێم پێشكەشیانكردووە لەلایەن گروپەكەوە دابەشكراوە، بەجۆرێك بەشێكی زۆری دزراوە و گواستراوەتەوە بۆ گوندی كورزێلی سەر بە قەزای شێراوە، لە گوندەوارەكانی عەفرین.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو گرووپە ڕێگری لە دابەشكردنی هاوكارییەكانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوچەكەدا كردووە.
رۆژی هەینی چواردە بارهەڵگر لە هەرێمی كوردستانەوە رۆیشتونەتە ناو دەروازەی سنووری باب سەلامە لە نزیك شاری عەزاز لە باكووری حەلەب بەرەو ناوچەی عەفرین، هەروەها بۆ چوونە ژوورەوەی هەر بارهەڵگرێك بۆ ئەو ناوچانە هەزار دۆلاریان بە گرووپەكە داوە.
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: نزیكەی 26 ملیۆن كەس بەهۆی بوومەلەرزەكەوە زیانیان بەركەوتووە و داوای 42.8 ملیۆن دۆلاری كرد بۆ ئەوەی پێداویستییە تەندروستییەكان بۆ زیانلێكەوتووەكانی بوومەلەرزەكە لە ناوچەكەدا دابینبكرێن.
نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری دەدات لەوەی 870 هەزار كەس لە سەرتاسەری باكوور و رۆژئاوای كوردستان، توركیا و سووریا پێویستییان بە هاوكاریی خێرای مرۆیی هەیە.
هاوكات، دەڵێت، سەروو 5.3 ملیۆن كەسیش بەهۆی بوومەلەرزەكەوە دەربەدەربوون.
لە هەرێمی كوردستان ماوەی هەفتەیەكە هاوكاری لە چەندین ڕێگاوە بۆ زیانلێكەوتووانی بوومەلەرزەكان لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان كۆدەكرێتەوە.
لێپرسراوی یەكێك لە كەمپەینەكانی كۆكردنەوەی هاوكاری بە ناوی ئاسۆ حەمید دەڵێت “سوپاس بۆ خوا و ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان كە بەرەكەتیان خستە ھاوكارییەكان و توانرا 32 بارھەڵگر لە ھەموو جۆرەكانی پێداویستی تاك و ماڵ كۆبكرێتەوە جگە لە پارەیەكی باش، بۆیە =بەڕێوەین تا ئەو ئەمانەتە بگەیەنینە دەست لێقەوماوان”.
ڕاشیگەیاند “بارەكان بریتیین لە جلوبەرگ، بەتانی، خۆراكێكی زۆر، سۆپا، شیر و پێداویستی منداڵان و ئافرەتان، بەگشتی ھەموو ئەو كەلوپەلانەی بۆ ماڵێك پێویستە ئەوا گەیشتووەتە لای ئێمە و ئێمەش دەیگەیەنینە شوێنی بوومەلەرزەكە”.
ئاسۆ حەمید لەبارەی پارەی كۆكراوە ڕایگەیاند: “لەبارەی پارەكە ناتوانم ژمارەیەكی ورد بدەم، بەڵام گەیشتووەتە نزیكەی 10 دەفتەر دۆلار (100 هەزار دۆلار) و تا ئێستاش پڕۆسەكە بەردەوامە”.