قووربانیانی بوومەلەرزەكەی باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان، توركیا و سووریا تا دێت بەرزتر دەبێتەوە و ئەمڕۆ دوو شەممە گەیشتە زیاتر لە 37 هەزار گیانلەدەستدان.
لە باكووری كوردستان و توركیا ژمارەی ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 31643 كەس، بەجۆرێك لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 2000 گیانلەدەستدان زیادیكردووە و زیاتر لە 90 هەزار كەسیش برینداربوون.
بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەكان تا ئێستا 2800 پاشلەرزە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا تۆماركراون، بەجۆرێك تەنها لە ڕۆژی شەممەدا 70 بوومەلەرزە تۆماركراون.
هاوكات 25 هەزار باڵەخانە بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە زیانیان پێگەیشتووە، لەنێویاندا زیاتر لە شەش هەزار باڵەخانە بە تەواوی وێرانبوون.
بەپێی زانیارییەكان نزیكەی 100 دەوڵەت لە توركیا هاوكاری لێقەوماوان دەكەن، لەوانە 61 دەوڵەت تیمی فریاگوزاریان ناردووە.
هاوكات میری قەتەر دوێنێ سەردانی توركیای كرد و وەزیری دەرەوەی یۆنانیش بڕیارە سەردان بكات، ئەوەش بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی ئەو وڵاتە.
لەنێو ئەو وڵاتانەی هاوكاریى توركیایان كردووە، عەڕەبستانی سعودی و قەتەر لە ڕیزی پێشەوەدان.
دەربارەی ڕۆژئاوای كوردستان و سووریاش چەندین ئاماری جۆراوجۆر بڵاوبوونەوە، بەپێی ئامارە نافەڕمییەكان زیاتر لە پێنج هەزار گیان لەدەستدان و حەوت هەزار بریندار هەن.
نزیكەی پێنج ملیۆن كەسیش پێویستیان بە هاوكاری خێرای مرۆیی هەیە، ئەوان ماڵو حاڵ و شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە.