دوای ئەوەی بەهۆی زیانەكانی بوومەلەرزەوە، فڕۆكەخانەی شاری هاتای باكووری كوردستان گەشتەكانی وەستاند، گەشتەكانی دەستیانپێكردەوە.
وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی توركیا ڕایگەیاند، فڕۆكەخانەی هاتای كە بەهۆی بوومەلەرزەكانی مەڕەشەوە زیانی بەركەوتبوو، دووبارە دەستی بە گەشتەكان كردەوە.
ئاماژەی بە ئەوەشكرد، بە خێرایی زیانەكانی ڕێڕەوی فڕینی فڕۆكەخانەمان نۆژەن كردەوە.
لە لایەكی دیكەوە تیمەكانی فڕۆكەخانەی گەورەی ئیستانبوڵ (İGA) كە كارەكانی نۆژەنكردنەوەی شوێنە زیانلێكەوتووەكانی فڕۆكەخانەكەیان ئەنجامدا، لەو بارەیەوە ڕایانگەیاند، دوای ئەو زیانە زۆرەی بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە بە رێڕەوی فڕینی فڕۆكەخانەی هاتای كەوت هەموو گەشتەكانی لێ راگیران، تیمەكانمان بە خێرایی گەیشتنە ناوچەكە و دەستیان بەكارەكانیان كرد.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، فڕۆكەخانەكە، گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ ئەوەی یارمەتییەكان لە كاتی خۆیدا بگاتە ناوچەكە، چاوەڕێ دەكرا كە بە زووترین كات دەستی بە خزمەتگەیاندن بكاتەوە.
فڕۆكەخانەی هاتای نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە ناوەندی شارەكەوە دوورە، رۆڵێكی گرنگی هەیە لە گەیاندنی خێرا و كاریگەرانەی ئەو هاوكارییە لۆجستیانەی ڕەوانەی ناوچەی كارەساتەكە كراون لە هاتای و پارێزگاكانی دەوروبەری.