لە هەڵمەتی كۆكردنەوەی هاوكارییدا لە سعوودیە بۆ زیانلێكەوتووانی بوومەلەرزەكان لەباكوور و ڕۆژئاوای كوردستان، توركیا و سووریا، (٨١،٢ ملیۆن دۆلار) كۆكرایەوە.
پلاتفۆرمی ساهم سەر بە ناوەندی هاوكاریی مرۆیی شا سەلمان، راگەیەندراوێكی لەبارەی هاوكارییەكان بڵاوكردەوە “لەو هەڵمەتەی كۆكردنەوەی هاوكارییدا كە بۆ زیانلێكەوتووانی بوومەلەرزەكان لە سووریا و توركیا، لە سعوودیە رێكخرابوو، یەك ملیۆن و چوار هەزار و ٩١٣ كەس كۆمەكیان پێشكەش كردووە و تا ئێستا ٣٠٤ ملیۆن و ٨٨٥ هەزار و ٧٧ ریاڵ (٨١،٢ ملیۆن دۆلار) كۆكراوەتەوە”.
دوای بوومەلەرزەكانی مەڕەش، ١٨ وڵاتی عەرەبی تیمی گەڕان و رزگاركردنیان بۆ توركیا رەوانە كرد و لەو كاتەشەوە هاوكارییەكان بەردەوامن و تا دێت زیاتر دەبن.
ئەو وڵاتە عەرەبییانەی دەستی هاوكارییان بۆ توركیا درێژ كردووە بریتین لە هەریەك لە سعوودیە كە پێنج فڕۆكە هاوكاریی و تیمی گەڕان و رزگاریی بۆ توركیا ناردووە و زیاتر لە ٨٠ ملیۆن دۆلار كۆمەكی كۆكردووەتەوە، قەتەر بە نزیكەی ٦٠ ملیۆن دۆلار و ١٠ هەزار كۆنتەینەر هاوكاری توركیا دەكات.
هەروەها كوێت، عومان، ئیمارات، بەحرێن، لیبیا، تونس، فەڵەستین، جەزائیر، یەمەن، ئوردن، لوبنان، میسر، سوودان، مەغریب، مۆریتانیا و عێراق هاوكارییان گەیاندووەتە توركیا.
لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی فەرمانی كرد لەگەڵ هاوكارییە بەپەلەكان و تیمە تەندروستییەكاندا، كەلوپەل و پێداویستیی رەوانە بكەن و ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك دەربڕی.
حكوومەتی عێراق تیمێكی ١٥٠ كەسیی لە تیمی گەڕان و رزگاركردن رەوانەی توركیا كرد و لەپاڵیشیدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان تیمێكی ٧٠ كەسی و كاڤین گرووپ لە دهۆكەوە ١٠٠ ئۆتۆمبیلی رەوانەی ناوچەكە كرد.
هاوكات لە سەرجەم مزگەوتەكانی كەركووك هاوكاریی بۆ زیانلێكەوتووانی بوومەلەرزە، كۆكرایەوە.
لای خۆیەوە سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ، گوهدار شێخۆ، ئاشكرایكرد ١٢ بارهەڵگر هاوكارییان بۆ زیانلێكەوتووانی بوومەلەرزەكە كۆكردووەتەوە.
لەمیانی ئەو هەڵمەتەشدا كە لە هەولێر سازكرابوو، ١٤ بارهەڵگر ئامێری گەرمكەرەوە و سۆپا بۆ توركیا رەوانە كرا.
لەناوخۆی باكووری كوردستان و توركیا ئۆپەراسیۆنەكانی گەڕان و رزگاركردن بەردەوامن، لە شارۆچكەی ئانتاكیای سەر بە پارێزگای هاتای، منداڵێكی تەمەن ١١ ساڵان دوای مانەوەی بۆ ماوەی ١٦٠ كاتژمێر لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەكی رووخاودا رزگاركرا.
تیمەكان، ئەركی گەڕان و رزگاركردنیان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەی ئۆزگور لە شارۆچكەی ئانتاكیا-ی ناوەند كە بەهۆی بوومەلەرزەكەوە رووخاوە، ئەنجامدا.
تیمەكانی گەڕان و رزگاركردن، لە ژێر داروپەردووەكاندا كەسێكی زیندوویان بەدیكرد.
لە ئەنجامی كارێكی چڕ و ورددا توانرا منداڵێكی تەمەن ١١ ساڵان بە ناوی لینا ماردینی دوای ١٦٠ كاتژمێر مانەوە رزگاربكرێت.
منداڵەكە، دوای دەركردنی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەكەدا رەوانەی نەخۆشخانە كرا.
هاوكات جێگری سەرۆك كۆماری توركیا، فوئاد ئۆكتای رایگەیاند بەهۆی بوومەلەرزەكەی پارێزگای مەڕەشەوە ٣٤ هەزار و ٧١٧ كارمەند لە شوێنی رووداوەكان كاردەكەن و بە كرداری دەستیان بە درووستكردنی شارێكی پێنج هەزار كۆنتێنەری كردووە.
ئۆكتای، لەگەڵ وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ڤەدات بیلگین و وەزیری پیشەسازی و تەكنەلۆژیاكان، مستەفا ڤارانك لە ناوەندی هەماهەنگیی ئافاد زانیاری لەسەر دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكانی بوومەلەرزەكە دا.
فوئاد ئۆكتای، ئاماژەی بەوە كرد لە حەوتەمین رۆژی بوومەلەرزەكەدا هەرچەند ناخۆشی هەبوو بەڵام هەواڵی خۆشیش هاتووە و دوای ١٥٩ كاتژمێر هاووڵاتییەك لە غازی عەنتاب رزگاركرا.
ئۆكتای، باسی لەوە كرد، ئەم هەواڵە دڵخۆشكەرە بۆ هیوا بە ژیان زۆر گرنگە و ورەكانی بەبەرزی هێشتووەتەوە : “لە ئێستادا ئەگەر وەكو گەڕان و رزگاركردن تەماشا بكەین ئەوە ٣٤ هەزار و ٧١٧ كارمەندمان هەیە. بە تەواوی تواناكانیان بەردەوامن لە كاركردن”.
دەربارەی دەستنیشانكردنی زیانەكان جێگری سەرۆككۆماری توركیا دەڵێت:
“لە ئێستادا زیاتر لە شەش هەزار كارمەندمان بە شێوەیەكی چڕ كاری دەستنیشانكردنی زیانەكان دەكەن. بە تەواوەتی كار لەسەر ٢٣٠ هەزار باڵەخانە و ٩٦٦ هەزار و ٥٤٤ یەكەی سەربەخۆ كراوە. هەموومان پێكەوە دەبینین كە كارەكان زۆر بەخێرایی بەڕێوەدەچێت”.
فوئاد ئۆكتای، ئاماژەی بەوە كرد دەبێت بە زووترین كات ئەو باڵەخانانەی زیانیان بەرنەكەوتووە یان زیانەكانیان كەمە دەستنیشان بكرێن و رادەستی خاوەنەكانیان بكرێنەوە: “١٠٨ هەزار باڵەخانە و ٥٥٠ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون كە زیانیان بەرنەكەوتووە دەستنیشان كراون. ئەو باڵەخانانەشی كە زیانی كەمیان بەركەوتووە ٥٨ هەزار باڵەخانە و ٤٣٨ هەزار یەكەی نیشتەجێبوونە”.
ئۆكتای، ئەوەی خستەڕوو كارەكان لە رێگەی ١٢ هەزار و ٣٢٢ ئۆتۆمبێلی قورسی كاركردنەوە بە چڕی بەڕێوەدەچێت “٢٤ كەشتی، ٧٠ فڕۆكە و ١١٢ هێلیكۆپتەر بەشدارییان لە كارەكان كردووە. بە شێوەیەكی زۆر چالاك فڕۆكەخانەكانمان بەكاردەهێنین. فڕۆكەكانمان زۆر بە چالاكی بەكاردەهێنین. لێرە لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و درۆنەكانەوە و بەتایبەتی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و درۆنی خۆماڵییەوە زۆر بە چالاكی كارەكان بەڕێوەدەبەین”.
جێگری سەرۆككۆماری توركیا، فوئاد ئۆكتای ئاماژەی بەوەش كرد پێداویستیی حەوانەوە لە ناوچەكانی بوومەلەرزە زۆر گرنگن و رایگەیاند زیاتر لە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەتانییان رەوانەی ناوچەكە كردووە و زیاتر پێویستی بە چادر هەیە.
ئۆكتای، دەربارەی درووستكردنی شاری كۆنتێنەر ڕایگەیاند”كارەكانی درووستكردنی شاری چادر و شاری كۆنتێنەر لە ناوچەكە بەردەوامە. بە كرداری دەست بە درووستكردنی شارێكی پێنج هەزار كۆنتێنەری كراوە”.