كۆبوونەوەكانی نێوان شاندی عێراق لەگەڵ دامەزراوەكانی ئەمریكا لە واشنتۆن سەبارەت بە پرسی ئابووری و دارایی و سیستمی بانكی بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی بردنەدەرەوەی دۆلار لە عێراقەوە بەردەوامە و تروسكایی مژدەبەخشی ڕێككەوتنەكە بۆ عێراقییەكان ئەمڕۆ لە خستنەبازاڕی بڕێكی زۆری دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە دەركەوت، بەڵام دۆلاری نەخستەوە نرخی ئاسایی خۆی.
لە هەفتەی پێشووەوە شاندێكی باڵای عێراق بە سەرۆكایەتی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە و بە یاوەری عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی و تیمێكی پسپۆڕی ئابووری و دارایی لە واشنتۆنە و لەگەڵ بەرپرسانی بانكی فیدڕاڵی ئەمریكا و وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتە و بانكی (جەی پی مورگان) كۆبوونەتەوە و چەند ڕێككەوتنێكی سەرەتایی ئەنجام دراوە.
دوابەدوای ڕێككەوتنە سەرەتاییەكانیش، ئەمڕۆ بانكی ناوەندی عێراق بڕی زیاتر لە 305 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی زیادكردنی ئاشكرا و بە نرخی فەرمی 130 هەزار دینار بۆ 100 دۆلار خستە بازاڕەوە، كە زۆرینەی بەشێوەی حەواڵە بوو، بەڵام دۆلار نرخەكەی هەر لە سەروو 150 هەزار دینار لە بۆرسەكانی هەرێم مایەوە و لە عێراقیش لە 148 هەزار دیناردا جێگیر بووە.
ڕێككەوتنەكە ئومێدبەخشە بۆ خەڵك یان نا؟
ئەو ڕێككەوتنەی عێراق لەگەڵ ئەمریكاییەكان ئەنجامی داوە هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی بۆ حكومەتی عێراقی هەیە، بەڵام لە دواجاردا لە ئەگەری جێبەجێ كردنی سوود بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت و مژدە بەخشە بۆ دابەزاندنەوەی بەهای سەرجەم كاڵا و پێویستییەكانی هاووڵاتیان، كە بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە گران بوون.
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سەرەتای كۆبوونەوەكانی شاندی عێراقی لە ئەمریكا لەگەڵ دامەزراوەی بانكی فیدڕاڵی بووە و ئەو ڕێككەوتنانەی كراون مژدەبەخشن بۆ خەڵك و دابەزاندنەوەی بەهای دۆلار، چونكە پاڵپشتی ڕێكارەكانی بانكی ناوەندییان كردووە بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی نرخی دۆلار، هەر بۆیە حكومەت بڕیاریدا بەهای ئاڵوگۆڕی دۆلار دابەزێنێت بۆ 130 هەزار دینار بۆ 100 دۆلار.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ دامەزراوەی (جەی پی مۆرگان) كراوە بەشێكە لە ڕێككەوتنەكان بۆ پارەداركردنی دەرەكی ئەو پڕۆژانەی لەگەڵ چین ئەنجام دراون.
ڕاشیگەیاند، بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكی دەبێت، كە پێدەچێت مەرجەكانی ئەوان قورس بێت بۆ جێبەجێ كردنی لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە، بەو پێیەی ئەوان لیستی تیرۆر و ئەو كەسایەتی و بانك و وڵاتانەیان لایە، كە مامەڵە كردن لەگەڵیان قەدەغەیە، بۆیە ئەگەر لە گفتوگۆكاندا ئەو لیستانە بهێنرێنە پێشەوە ئەوا كێشە بۆ حكومەتی عێراق دروست دەكەن، چونكە لەوانەیە كەسایەتی و بانكی عێراقیش بگرێتەوە.
بۆچی بانكی ناوەندی زۆرترین بڕی حەواڵەی ڕاگەیاند؟
ئومێد قەرەداغی، مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، حەواڵە کردن بە بڕێکی گەورە (زیاتر لە 257 ملیۆن دۆلار) لەلایەن بانک ناوەندییەوە ئاماژەیەکی زۆر ئەرێنییە بۆ جێگیربوونی بەهای دینار، ئەمەش لە دوو ڕوانگەی سەرەکییەوە.
سەبارەت بە ڕوانگەكانی ئاماژەی بەوەكرد، یەکەمیان هێمایه بۆ ئەوەی یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکانی دروست بوونی گەندەڵی و بردنەدەرەوەی پارە، کە ڕێگای حەواڵەیە تا ئەندازەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵ کراوە و دوەمیان ئاماژەیە بۆ ڕێککەوتنی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا و بانکی ناوەندی لەسەر پرسی خستنەڕووی دۆلار و حەواڵەی دەرەکی و تەنانەت دەستڕاگەیشتنی بانکی ناوەندنی بەو یەدەگە نەختینەییەی هەیەتی.
سەرەڕای حەواڵەیەكی زۆر، بۆچی نرخی دۆلار دانەبەزی؟
گوڵاڵە سدیق، مامۆستای زانکۆ و ئابووریناس لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بازرگانەکان نایانەوێت نرخەکە جێگیرببێت و دەیانەوێت نرخی دینار نزمبێت، كە کەسانی سیاسی گەورەیان لە پشتە، بۆیە بەو جۆرە لە بازاڕی ڕەشدا یاری بە نرخی دینار دەکەن، چونکە مامەڵەکانیان بە ناوی هاوردەکردنی کاڵاوە نایاساییە، بەڵگەکانیان ساختەیە و نایانەوێت باج بدەن، بۆیە بۆ ئەوەی نەگەڕێنەوە بۆ بانکی ناوەندی هەر چەند دۆلار لە بازاڕدابێت بە نرخێکی بەرز دەیکڕنەوە، لەبەرامبەریشدا نرخی کاڵا هاوردەکراوەکان لەسەر شانی هاووڵاتیان گران دەکەن.
گوڵاڵە سدیق، ئەوە دەخاتەڕوو، دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون، بڕیارە تا ڕۆژی سێ شەممە کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت، ئەمەش وادەکات نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار بەم نزیکانە جێگیربن.
هەر سەبارەت بەوەی، كە بۆچی دۆلار دانابەزێت، نەبەرد کەریم، پسپۆڕی دارایی و ئابووری لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، تا نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ جێگیر نەکرێت، نرخی دراو جێگیر نابێت و بەشێکی دیکەی هۆکارەکەش ئەوەیە، تا ئێستا بەتەواوی ڕێگا لە چوونە دەرەوەی دۆلار لە عێراقەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ نەگیراوە، تا ئەوەش نەکرێت هەرچەندە دۆلار بخرێتە بازاڕەوە نرخی دینار بەرزنابێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەگەر حکومەتی عێراقی بۆ ماوەی هەفتەیەک تا ٢٠ ڕۆژ وەک ئەمڕۆ ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بخاتە بازاڕەوە، ئەوا نرخی دینار جێگیر دەبێتەوە و بازاڕیش سەقامگیر دەبێت.