شێرکۆ کرمانج
بەکورتی، کورد یا ده‌بێ ده‌وڵه‌تی هه‌بێ، یان ده‌بێ کیانێکی سیاسی دەوڵەتئاسای هەبێت تاوەکو بتوانێت کار له‌سه‌ر زیندوکردنەوە و زیندووڕاگرتنی شوناسی خۆی بکات.
بۆ کورد، بۆ کوردستانیان، گرینگ‌ترین بەها، یان کۆڵەکەی بەنەتەوەبوون و بەنەتەوەمانەوە زمانی کوردییە، هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە شوناسی هەر کەسێک یان هەر گروپێک شوناسی کەسانی دیکە، یان گروپگەلی دیکە دیاری دەکەن، من کوردم چونکە عەرەب هەیە، عەرەب نەبێت من کورد نیم، کورد هەر بوونی نابێت.
ئه‌وه زمانه که کورد له فارس جیا ده‌کاته‌وه، ئه‌گینا ڕه‌نگه له ڕووی که‌لتوورییه‌وه هاوبه‌ش زۆرن.
ئه‌وه زمانه که کورد له عه‌ره‌ب جیا ده‌کاته‌وه، ئه‌گینا له پرسی دیندا یاخود له پرسە کۆمه‌ڵایه‌تییەکاندا زۆر له یه‌ک نزیکین، بۆ تورکیش بەهەمانشێوە.
لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه که کورد که‌لتووری تایبه‌ت به خۆی نییه، به‌ڵکه ئه‌وه‌ی که به زه‌قی له عه‌ره‌ب و تورک و فارس جیای ده‌کاته‌وه زمانهکهیەتی، جا ئەگەر زمان کۆمەڵگەی سەرەکی نەتەوە و بە نەتەوەبوون و بە نەتەوەمانەوە بێت ئەی بۆ ڕاگرتن و به‌رزڕاگرتنی زمان کورد پێویستی بە چییە؟ یان ئەگەر خاک و جوگرافیا کۆڵەکەبن ئەی پاراستنی خاک و جوگرافیا چۆن فەراهەم دەکرێت؟ من پێموایە به‌بێ کیانی سیاسی خاک و جوگرافیا شوناسی نابێت، هەشیبێت لەدەستی دەدا.
بۆ وێنه له باشوردا، کورد ناتوانێت به‌بێ کیانێکی سیاسی، قەوارەی هەرێم، بە واتایەکی دیکە ئەگەر ئێستا لە هەرێم شوناسی کوردبوون و کوردستانیبوون فەزایەکی بۆ ئاواڵەبووە کە گەشەبکات ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی قەوارە سیاسییەکە، کیانە سیاسییەکە.
دیارە ئێمە مەبەستمان ئەوە نیە کە دەسەڵاتدارانی قەوارەکە چەندە خەمسارد و گەندەڵن، چەندە ناپەرپرسانە لەگەڵ ئەم هەلە مامەڵە دەکەن بەڵکو مەبەستی ئێمە ڕێژەییە، واتە بە بەراورد بە باکور یان ڕۆژهەڵات کە هیچ دەرفەتێک نیە، هیچ قەوارەیەک نیە، هیچ کیانێک نیە، ئەوە هەم شوناسی خاک، هەم شوناسی نەتەوە، هەم زمان و کەلتوری کوردی هەڕەشەی جدیان لەسەرە.
له باکور به کوردستان ده‌گوترێت ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا، به‌م ئاماژه‌یه باکوری کوردستان لە کوردستانیبوون و کوردبوون داده‌ماڵدرێت.
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کێ و چی ده‌توانێت، ئه‌م شوناسی ڕۆژهه‌ڵاتی تورکییه هەڵوەشێنێتەوە و لەجێ ئەودا شوناسێکی کوردستانی بەرقەرار بکات ئەگەر کیانێکی سیاسی، قەوارەیەکی کوردستان نه‌بێت؟ ڕوونتر بڵێم هەموو ئەو کۆڵەکانە کە باس دەکرێن و گوایە مەرجن، یان گرنگن بۆ بوون و مانەوەی هەر نەتەوەیەک، وەک خاک، دابونەریت، زمان، کەلتور، یادەوەری هاوبەش، شوناسی هاوبەش، مێژوو و چارەنووسی هاوبەش گرنگی خۆیان هەیە، بەڵام بەبێ بوونی دەوڵەت، یان کیانێکی سیاسیی (جا لە فۆرمی خودموختاری، فیدراڵی یان کۆنفێدراڵی دا بێت)، کۆڵەکەکان لەژێر هەڕەشەدا دەبن.
واتە به‌بێ ئه‌و کیانە سیاسییه کورد ناتوانێت کۆڵەکەکانی بوونی خۆی و شوناسهکەی بپارێزێت و درێژه پێبدات، یا زه‌ق بکاته‌وه، وەک لە زنجیرەکانی پێشووتری ئەم بابەتە ئاماژەم پێ‌کرد، بەبێ کیانی سیاسی زمانی کوردی نابێته زمانی کار و مه‌عریفه، نابێتە زمانی ئابووری و بازرگانی، نابێتە زمانی پەروەردە و خوێندن، کاتێکیش زمان ئەم ئەرک و کردارانە جێبەجێ نەکات و نەبێتە مەودای ئەم چالاکیانە و ڕۆڵی خۆی نەگێڕێت، ئیدی لە دوورمەودا ورده ورده ده‌پووکێته‌وه، وەک ئەوەی کە حاڵی زمان و کەلتور و دابونەریت و مێژووی کوردە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بۆیه ئێمه نابێت له‌و باوه‌ڕه‌دا بین که ته‌نیا یه‌ک فاکته‌ر، یاخۆ یه‌ک کۆڵه‌که هه‌یه بۆ دروستبوون و مانەوەی نه‌ته‌وه، من پێموایه که هه‌موو کۆڵه‌که‌کانی نه‌ته‌وه، جا چ زمان بێت، چ خاک بێت، چ مێژوو بێت، چ یاده‌وه‌ری هاوبه‌ش بێت، یان که‌لتور و هه‌ر شتێکی دیکه بێت، له غیابی ده‌وڵه‌ت یان کیانێکی سیاسی، ناتوانن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە دروستبوون و پاراستنی نەتەوەدا.
من له‌م ڕۆژانه‌دا باسێکم بوو له‌سه‌ر شوێن و پێگەی ئابوری لەسەر مانەوە و پاراستنی نەتەوە، بەتایبەتی لە پەیوەند بەوەی کە چۆن دەوڵەتی داگیرکەر، دەوڵەتە ناکوردییەکە ده‌توانێت ئابوری نەتەوەی داگیرکراو بشێوێنێت، شوێنەوار و مێژووی تێک بدات. ڕه‌نگه ئاگادار بن که چۆن «حه‌سه‌ن کیف» که شوێنێکی ئاسه‌واریی کوردستانە له باکوری وڵات و ئێستا خراوەتە ژێر ئاوی یه‌کێک له‌و به‌نداوانه‌ی که تورکیه دروستی کردون لەسەر زێی دیجلە و فورات.
ڕونتر بڵێم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورد له تورکیه کیانێکی سیاسی نییه که له دیدی کورد و کوردستانەوە ته‌ماشای پرسه‌کان بکات، ئیدی شوێنه‌وار، که‌لتور و مێژووی کوردستانیان هیچ گرینگیه‌کی نەبێت، بەپێچەوانەوە ئه‌وه‌ی بۆ دەوڵەتە داگیرکەرەکە گرینگی هه‌یه بهنداوێکهیە، گلدانه‌وه‌ی ئاوه، واتە پڕۆژه ئابوورییەکە.
بەواتایەکی دیکە، لەسەر خاکێکی داگیرکراو تەنیا قازانج ئاراستەکەرە، بۆیە شوناسی کورد ده‌کرێته قوربانی پڕۆژه ئابوورییەکانی دەسەڵاتە داگیرکەرەکە.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر کورد کیانێکی سیاسی کوردستانی هه‌بێت، ئه‌وه «حه‌سه‌ن کیف» ده‌کرێت به شوێنێکی گه‌شتیاریی بۆ زه‌قکردنه‌وه‌ی شوناس و مێژووی کورد، بۆ هێشتنه‌وه‌ی که‌لتوری کورد، بۆ ناساندنی شوێنه‌واری کورد.