بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، مامۆستایانی ئاینی فاكتەرێكی گرنگی سەرخستنی شۆڕش بوون.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی یەكێتی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازی لە عەبدوللەتیف ئەحمەد كردووە و لە دیدارێكدا گفتوگۆ لەبارەی قووڵكردنەوە و پەرەپێدانی گیانی تەبایی و پێكەوەژیان كرا و جەخت لە هەماهەنگی و هاریكاری زیاتر كرایەوە لەپێناو گەشەپێدانی ئەو ئاشتەوایی و پێكەوەییەی لەنێوان نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكاندا هەیە و پارێزگاریكردن لەو بەها باڵایانەی پەیوەستن بە كایەكانی ژیانەوە.
بافڵ بە گرنگییەوە ئاماژەی بە رۆڵی مامۆستایانی ئاینی كرد لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و ئاڕاستەكردنی هاووڵاتیان بەرەو تەبایی و پێكەوەژیان و ڕایگەیاند، مامۆستایانی ئاینی لە شۆڕشەكانی كورددا ڕۆڵێكی گرنگیان گێڕاوە و فاكتەرێكی گرنگی سەرخستنی شۆڕش بوون.
وتیشی، “ئەمڕۆش دەبێت بە هەمان ڕۆحیەتی كوردانە و مرۆڤدۆستانەوە بەردەوامبن لە ڕێنوێنیكردنی كۆمەڵگە بە ئاڕاستەی چاكە، دووركەوتنەوە لەبیری توندڕەوی و قووڵكردنەوەی تەبایی لەنێو كۆمەڵگەدا”.