سەرۆكی ئەمریكا كۆتایی ئەم مانگە سەردانی پۆڵەندا دەكات، كە هاوكاتە لەگەڵ یەكەم ساڵیادی شەڕی نێوان ئۆكرانیا و ڕووسیا، ئەمریكاش تا ئەو كاتەی پێویستە لەگەڵ ئۆكرانیا بەردەوام لە پشتگیریكردن دەبێت.
جۆن كیربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی ڕایگەیاندووە، سەرۆكی ئەمریكا لە20 بۆ 22ی شوبات لە یەكەمین ساڵیادی شەڕی ڕوسیا و ئۆكرانیا سەردانی پۆڵەندا دەكات و جەخت لە هاوكاری و یارمەتییە ئەمنییەكان بۆ ئۆكرانیا دەكاتەوە.
كۆشكی سپی ڕایگەیاند، سەرۆكی ئەمریكا لە سەردانەكەیدا زۆر بەڕوونی ئەوە دەخاتەڕوو، كە ئەمریكا تا ئەو كاتەی كە پێویستە لەگەڵ ئۆكرانیا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریكردن و لەگەڵ ئەندرێج دودا، سەرۆكی پۆڵەندا و هاوپەیمانەكانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات كۆدەبێتەوە و باس لە ئۆكرانیا دەكات.