بۆچی بەهای دینار بەرز نابێتەوە؟



بازرگان و مامەڵەکارانی دراو لە بازاڕەکان هۆکارن بۆ بەرزنەبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، پارێزگاکانی هەرێمیش بەهای دینار بەراورد بە پارێزگاکانی عێراق نزمترە.

بانکی ناوەندی حەوتی ئەم مانگە بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر ١٣١ هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام لە بازاڕەکاندا بەهای دینار نزمە و ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بە سەرو ١٥٠ هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

جیاوازی نرخەکە لە نێوان بازاڕ و بانکی ناوەندیدا ناجێگری لە بازاڕدا دروستکردووە، گوڵاڵە سدیق، مامۆستای زانکۆ و ئابوریناس لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەم جیاوازی هیچ پەیوەندییەکی بە ڕێکاری ئابووری یاخود داراییەوە نییە، بەڵام بازرگانەکان نایانەوێت نرخەکە جێگیرببێت و دەیانەوێت نرخی دینار نزمبێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو بازرگانانە کەسانی سیاسی گەورەیان لە پشتە، بۆیە بەو جۆرە لە بازاڕی ڕەشدا یاری بە نرخی دینار دەکەن، چونکە مامەڵەکانیان بە ناوی هاوردەکردنی کاڵاوە نایاساییە، بەڵگەکانیان ساختەیە و نایانەوێت باج بدەن، بۆیە تا نەگەڕێنەوە بۆ بانکی ناوەندی هەر چەند دۆلار لە بازاڕدابێت بە نرخێکی بەرز دەیکڕنەوە، لەبەرامبەریشدا نرخی کاڵا هاوردەکراوەکان لەسەر شانی هاووڵاتیان گران دەکەن.

لە هەفتەی ڕابردووەوە بانکی ناوەندی و شاندی حکومەتی عێراقی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لەگەڵ بانکی فیدڕاڵی، وەزاری دەرەوە و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی دراوەکەی دەستپێکرد، ئەمڕۆش کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجامدراوە.

گوڵاڵە سدیق، ئەوە دەخاتەڕوو، دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون، بڕیارە تا ڕۆژی سێ شەممە کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت، ئەمەش وادەکات نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار بەم نزیکانە جێگیربن.

بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازی هەیە، ئێستا لە بەغدا ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر ١٥٠ هەزار دینارە، لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک بە نزیکی ١٥٣ هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەشێک لە هۆکاری جیاوازی نرخەکان بۆ بوونی پەنجەرەکانی وەرگرتنی دۆلار گەڕاندەوە، کە لە بەغدا دەرفەتی زیاتر بۆ بەدەستگەیشتنی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی هەیە، هەروەها بازرگانەکان سەرباری قۆرخکردنی بازاڕ بە قازانجی کەم ڕازیدەبن.

بەڵام لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە پێچەوانەیە، سەرباری قورسبوونی ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی، بازرگانەکان لەپێناو قازانجی زیاتری خۆیاندا دینار بەراورد بە بەغدا گرانتر دەفرۆشن.

گوڵاڵە سدیق، بەشێکی دیکەی هۆکارەکە بۆ مامەڵەکارانی ناوی بازاڕی دراوەکان دەگەڕێنێتەوە، کە ترس دەخانە بازاڕەکانەوە، “مامەڵەکارانی دراو ترس و دڵەراوێکی دەخەنە ناوبازاڕەوە ئەمەش بۆ قازانجی خۆیان، ئەگینا هیچ پەیوەندییەکی بە کاری ئیدارای یان داراییوە نییە”.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناجێگری بەهای دینار بەرامبەر دۆلار هیچ کاردانەوەیەکی نەنواند، لە کاتێکدا نەوت بە دۆلار دەفرۆشێت، بەڵام مووچە بە دینار دابەشدەکات، بەپێی وتەی شارەزاییان بە دەیان ملیۆن دینار قازانجی کردووە، بەڵام ئەم قازانجە هیچ سوودێکی بۆ هاووڵاتیان نابێت.
ئەو ئابوریناسە دەڵێت “ئەگەر هەموو یەدەگی نەختینەی عێراق بدەیت بە هەرێمی کوردستان، هەر بە شێوازەی ئێستا و خراپتر حکومڕانی ئەکات، نە مووچە پاشەککەوتکراوەکان و نە لێبڕینەکان دەگەڕێنیتەوە، چونکە ئەو دۆلارانەی دەگەڕێنەوە قازانجەکەی ناچێتە داهاتی حکومەت دەچێتە خەزێنەی بانکێنەوە کە هی تاکە کەسن”.

دەوام له ناوەندەكانی خوێندنی پەروەردەيەك دواخرا
پێت دەوام له ناوەندەكانی خوێندنی پەروەردەيەك دواخرا
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە
دوات فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە
پەیوەنیدر