سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕایگەیاند، زۆرینەی تۆمەتبارانی سەرەكی دزی سەدە بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵهاتوون.
ئەو لێدوانەی سوودانی بەر لەسەردانەكەی ئەمڕۆیەتی بۆ ئیمارات، كە ئامانج لێی گفتووگۆكردنە لەگەڵ كاربەدەستانی ئەبووزەبی لەبارەی بردنەدەرەوەی پارەی عێراق و گەڕاندنەوەی تۆمەتباران.
سوودانی بۆ مێدیای فەڕمی دەوڵەتی عێراق، ڕاشیگەیاند بەهیچ شێوەیەك ئەمریكا و ئێران دەستوەردانیان لە پێكهێنانی كابینەی ئێستادا نەكردووە.
دەشڵێت، دەستمان بەڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارەی براو و دزراو و چاكسازی ئیداری كردووە، توانیومانە 80 ملیۆن دۆلار تا ئێستا بگەڕێنینەوە و پرۆسەكە بەردەوامە.
ئاشكراشیكرد لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی خۆی دەستی بە چاكسازی ئەمنی و چارەسەركردنی كێشەی چەك كردووە، زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی ناو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیش لەسەر چارەسەركردنی كێشەی چەك سوورن، دەبێت چەك بە دەستی دەزگای ئەمنییەوە بێت بەپێی یاسا.
لەبارەی ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدا دەڵێت كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا دەكەین.
پوختەی لێدوانەكەی سوودانی
-عێراق و سعودیە دەتوانن میحوەرێكی هەرێمی بۆ سەقامگیری لەناوچە و جیهان دابمەزرێنن.
-لەگەڵ شازادە محەمەد بن سەلمان ڕێككەوتووین بۆ دانانی نەخشەڕێگایەك بۆ پێوەندی دوولایەنەی نێوان عەرەبستانی سعودی و عێراق.
-بەغدا بەردەوامە لە نێوەندگیریی تاران و ڕیاز.
– هیچ دەستوەردانێكی ئەمریكایی و ئێرانی لە كابینەی عێراقدا نییە.
– خوازیاری ئەوە نین عێراق بكرێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان، ئێمە لایەنێك نین دژی لایەكی دیكە.