سوودانی بەرەو ئیمارات و فوئاد حسێن بەرەو واشنتۆن بەڕێدەكەون
ئەمڕۆ پێنج شەممە، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەردانێكی فەڕمی بەرەو ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بەڕێكەوت.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ پێنج شەممە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بە سەردانێكی فەڕمی بەرەو ئیمارات بەڕێكەوت.
ئاماژە بە ئەوەش كراوە، شاندێكی باڵای حكومی یاوەری سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكەن.
بەپێی زانیارییەكان ئامانج لە سەردانەكەی سوودانی بۆ ئیمارات لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەی حكومەتی عێراقدایە كە بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی و بە قاچاخ بردنی پارەی عێراق دەستیپێكردووە.
سوودانی خوازیارە ڕێوشوێنی پێویست لەگەڵ دەوڵەتانی دۆست و دراوسێدا بگرێتەبەر بۆ ڕێگریكردن لە بردنە دەرەوەی پارەی عێراق و دەستگیركردنی تۆمەتبارانی هەڵاتوو.
لەلایەكی دیكەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەحمەد سەحاف، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنج شەممە، شاندێكی باڵای عێراق بەسەرۆكایەتی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق دەگاتە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا، بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵای حكومی كە ژمارەیەك بەرپرسی دارایی و بانكی لەخۆدەگرێت.
بڕیارە وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆببێتەوە بە ئامانجی گفتوگۆكردن لەسەر پشتیوانی دارایی و بانكی لەپێناو جێبەجێكردنی ئەو ڕێوشوێنانەی تایبەت بە قەیرانی دۆلار دەستیانپێكردووە.