وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، داوای دانبەخۆداگرتن لە توركیا دەكات لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی دژ بە گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە عیراق و سوریا.
ئەمڕو دوو شەممە، كریستۆڤەر بۆرگر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند:”حكوتی بەرلین داوا لە توركیا دەكات بەشێوەیەكی گونجاو بەرپەرچی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بداتەوە و ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەكان بگرێت”، داواشی لە هەموو لایەنەكان كرد، ڕەوشی عیراق و سوریا زیاتر بەرەو ئاڵۆزبوون نەبەن.
بە وتەی بۆرگر:”لە گرنگترین یاسا نێودەوڵەتییەكان، پێویستی پاراستنی مەدەنییەكانە، بەڵام ڕاپۆرتەكانی پەیوەست بە كەوتنەوەی قوربانیانی مەدەنی لە بۆردومانەكانی توركیا، بونەتە مایەی نیگەرانی حكومەتی ئەڵمانیا”.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت:”مافی بەرگریكردن، مانای تۆڵەكردنەوە ناگەیەنێت”.