پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو رایگەیاند بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی كەمپینی هەولێر بۆ هاریكاری زیانلێكەوتووانی بوومەلەرزە وێرانكەرەكەی توركیا و سووریا رادەگەیەنن.
ئومێد خۆشناو سەبارەت بە راگەیاندنی كەمپینی هاریكاری زیانلێكەوتووانی بومەلەرزە وێرانكەرەكەی چەند رۆژی رابردووی هەردوو وڵاتی توركیا و سووریا كە بەهۆیەوە جگە لە زیانی ماددی زیانێكی زۆری گیانیشی لێكەوتەوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا بۆ كەناڵەكان رایگەیاند: “بەرمەبنای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران كە بەسەرپەرشتی سەرۆكوەزیران بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری كەمپینێكی بەرفراوانی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ زیانلێكەتووانی توركیا و سووریا درا، دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەكەدا بریاردرا دەسەڵات بە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان بدرێت بەمەبەستی راگەیاندنی كەمپین هەریەك لە سنووری خۆی كەمپینەكە رابگەیەنن”.
پارێزگاری هەولێر وتیشی: “لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ جێگری پارێزگا و قائیمقامی ناوەند و ناوەندی قەیرانەكانی پارێزگا بۆ گفتوگۆكردن لەگەل فەرمانگە پەیوەندارەكانی دیكە كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامدا ئێستا لە رێگەی میدیاكانەوە كەمپینی هەولێر وەكو حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ژێر فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رادەگەیەنین، بە هیوای ئەوەی خەڵكی هەولێر كە هەمیشە بەخشندە و میهرەبانە لەم كارەساتە بتوانین لە رووە مرۆییەكەوە كۆمەكی زیانلێكەوتووان بكەین، هیوادارین بتوانین یارمەتی زیانلێكەوتوان بدەین”.
ئومێد خۆشناو راشیگەیاند، بە خۆشحاڵیەوە هەرێمی كوردستان یەكەم شوێن بووە لە نێو هەموو وڵاتان دوای ئەو كارەساتەی روویدا یەكەم كاروانی مرۆیی دەربازبوون لە سنوور و ئێستا لە شوێنی كارەساتەكەن و لە خزمەتی ئەو لێقەوماوانە دان.
پارێزگاری هەولێر لەوبارەیەشەوە ئاشكرایكرد، هەر لەم چوار چێوەیەدا بۆ گرتنەبەری رێكاری پێویست و گەیاندنی ئەو كۆمەك و مامەڵەكردنە لەگەڵ دوو دەوڵەت، كە ئەمەش پێویستی بە رێوشوێنی یاسایی هەیە و هەماهەنگی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەوێت لەگەڵ ئەو وڵاتانە بۆ گەیاندنی كۆمەكەكان، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە سەرپەرشتی وەزیرى ناوخۆ كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ناوەندی قەیرانەكان بەڕێوەچووە و رێوشوێنەكان گیراوەتە بەر : “ئێمەش ئێستا كەمپینی هەولێر رادەگەیەنین و چەند بڕیاڕێكمان داوە”.
لەبارەی بڕیارەكانەوە، ئومێد خۆشناو وتی: “دەسەڵات درا بە سەرجەم قایمقامەكان بۆ ئەوەی كەمپینەكەمان لە سنووری پارێزگای هەولێر فراوانتر بێت و تەنها سەنتەری شار نەگرێتەوە، بۆیە دەسەڵاتیان پێدرا تاوەكو كەمپینی نوێ لە سنووری قەزاكان ڕابگەیەنین و دوای كۆكردنەوەی كۆمەكەكان هەمووی لە ناوەندی قەیرانەكان كۆدەكرێنەوە”.
وتیشی: “لە سەنتەری شار لەبەردەم پاركی شانەدەر خێوەت هەڵدەدرێت و هاووڵاتییان دەتوانن یارمەتییەكانی خۆیان بگەیەننە ئەو شوێنە، هەر ئەمشەویش ناوەندی قەیرانەكان ئامادەكارییەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن”.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا و لەبارەی بڕیارەكانی كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، ئومێد خۆشناو رایگەیاند: “رەنگە خەڵكێكی زۆر لە هاووڵاتییان و خواپێداوان و كۆمپانیاكان یامەتییەكانی خۆیان لە پارە بگەیەنن، بۆیە دەتوانن لەرێگەی ژمارە حیسابی تایبەت بانكی منارە (٥٠٨) بینێرن”.
ئومێد خۆشناو بە ئاماژەدان بە رۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەشدارییكردنیان لە كەمپینەكەدا، وتی: “بە گفتوگۆكردن لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی ئەوقافی هەولێر و یەكێتی زانایان گفتو گۆدەكەین لەو روانگەوەی پیاوانی ئایینی كە هەمیشە رۆڵی كاریگەریان هەبووە لەم بارەوە ئەوانیش بەشێك بن لە پرۆسەی هاندان بۆ ئەو كارە مرۆیانەیە لە رێگەی وتاری ئاینیەوە پاڵپشتی لەو كەمپینە بكەن”.
وتیشی: “ئەو كارە تەواو كارێكی مرۆڤایەتییە، پەیوەندی بە هیچ هێز و لایەنێكی سیاسیيەوە نییە، بەڵكو لە دوێنێوە خەڵكێكی زۆر ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هاریكاریكردن، بۆیە بەلامانەوە مەبەستە كە كارەكەمان كارێكی مرۆیی بێت، بۆیە هەر كەس و لایەن و هێزێك كە دەیەوێت لەم پرۆسە مرۆیيانە بەشدار بێت، پێویستە لە ژێر چەتری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت، چونكە وەك جەختمان لەسەر كردەوە ئەوە مامەڵەكردنە لەگەڵ دوو دەوڵەت واتە رێوشوێنی یاسایی خۆی هەیە، واتە ئەگەر لێرەش ئاسانكاریكرا، مەرج نییە لە سنووری ئەو وڵاتانە رێگە پێدراو بێت”.