ئەمڕۆ چوار شەممە، بانکی ڕەشیدی عێراقی بڕی پێدانی پێشینەی خانووبەرە بۆ مەبەستی بیناسازی زیاد دەكات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی بانكی ڕەشید لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “ئەو بڕە پارەیەی پێشتر بۆ مەبەستی دروستكردنی خانوو دراوە بە هاووڵاتیان، كە (50) ملیۆن دینارە، لە ئێستادا بۆتە 60 ملیۆن دینار”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەو پێشینەیە دەدرێت بەو فەرمانبەرانەی، کە کارتی بانکی ڕەشیدیان هەیە بەبێ كەفیل، هەروەها ئەو هاووڵاتیانەی دەیانەوێت پێشینەكە وەربگرن دەبێت كەفیلێكیان هەبێت، كە مووچەكەی لە بانكەكە وەربگرێت”.
بانكی ڕەشید داواشی لە هاووڵاتیان و فەرمانبەران كردووە، ئەگەر خوازیاری وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرەن دەتوانن سەردانی لقەكانی بانكەكەیان لە بەغدا و پارێزگاكان بكەن بۆ پێشكەش كردنی مامەڵەی یاسایی.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە تا ئێستا تەنها ئەو فەرمانبەرانەی هەرێمی كوردستان دەیانتوانی ئەو پێشینەیە وەربگرن، كە مووچەیان لەسەر حكومەتی عێراقییە یان فەرمانبەران و هاووڵاتیانی ناوچە كوردستانییەكان، بەڵام بڕیارە بە كردنەوەی “بانكی نیشتمان” لە هەرێم سەرجەم ئەو پێشینانە فەرمانبەران و هاووڵاتیانی هەرێمیش بگرێتەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاند، كە ڕێكارەكانی كردنەوەی لقی بانكی ناوەندی عێراق لە هەرێم بە ناوی “بانكی نیشتمان” لە كۆتاییدایە و بەم زووانە دەكرێتەوە.