وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بە وەرگرتنی (١٠٧) خوێندكاری دیكە لە كۆلێجەكانی (پزیشكی گشتی، پزیشكی ددان، دەرمانسازی) بەشێوەی پارالێل بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٢-٢٠٢٣).
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ماوەی ڕابردوودا بەشێك لە دەرچوانی ساڵانی ڕابردو داواكارییان پێشكەش بە وەزارەت كرد بۆ وەرگرتنیان لە كۆلێجە پزیشكییەكان بەشێوەی پارالێل، بۆ ئەوەش داوای زیادكردنی كورسی پارالێڵیان كرد، بۆ ئەمەش داوكارییەكەیان لە كۆبونەوەی ژمارە (٧)ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاسپاردەی لێژنەیەك كرا بۆ دیراسەكردن و دیاریكردنی ژمارەی كورسییەكان بەپێی توانای زانكۆكان.
ڕاشیگەیاندووە، لێژنەكە تاوتوێی سەرجەم لایەنە زانستییەكانی بابەتەكە و ژمارەی كورسیەكانی بەپێی توانای زانكۆكان لەسەر ئاستی هەریەك لە كۆلێجەكان كرد، لە ئەنجامدا و لە ژێر ڕۆشنایی پێشنیازەكانی لێژنەكە، وەزارەتەكەمان بڕیاریدا بەوەرگرتنی (١٠٧) خوێندكاری دیكە لە كۆلێجەكانی (پزیشكی گشتی، پزیشكی ددان، دەرمانسازی) بەشێوەی پارالێل.
ئاشكراشی كردووە، جگە لەو دەرچووانەی ساڵی پار خۆیان لە كۆلێژەكانی پزیشكی گشتی وەرگیرابون، هەموو ئەو دەرچووانەی كە ساڵانی ڕابردو پۆلی 12 تەواو كردبوو، بەڵام ئەمساڵ دووبارە داواكارییان پێشكەش كردبوو تا بەسیستمی پارالێل لە كۆلێجە پزیشكییەكان وەربگیرێن، لە ئەنجامدا سەرجەمیان چونە پێشبڕكێی وەرگرتن بۆ كورسییە زیادكراوەكان.