لە نێوان ساڵانی ١٩٠٠ بۆ ٢٠١٤ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ٢٠٠ بوومەلەرزە ڕوویانداوەم کە بەپێی گوڕەکەی هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون و سەدان هەزاریش بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە.
فەلەستین
بوومەلەرزەکەی نابلوس کە بە بوومەلەرزەی ئەریحا ناسراوە، یەکێک بوو لە بوومەلەرزە وێرانکەرەکان، کە لە ١١ی تەمموزی ١٩٢٧ بۆ ماوەی ١٥ چرکە ناوەڕاستی فەلەستین و ئوردنی هەژاند و ناوەندی بوومەلەرزەکەی دۆڵی ئوردن بوو.
گوڕی ئەم بوومەلەرزەیە، بە ٦.٢ پلە بە پێوەرەکانی ڕێختەر خەمڵێندرا و نزیکەی ٥٠٠ کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا، کە نزیکەی سەد کەسیان لە ئوردن بوون و نزیکەی ٩٢٣ کەسی دیکەش برینداربوون.
شارەکانی نابلوس، سەلت، قودس و ئەریحا زۆرترین زیانیان بەرکەوت و نزیکەی ٦٠٠ باڵەخانە بە تەواوی خاپوربوون.
هێزی ئەم بوومەلەرزەیە بە جۆرێک بوو، کە دانیشتوانی سووریا و لوبنان و قاهیرە هەستیانپێکرد.
جەزائیر
لە ٩ی ئەیلولی ساڵی ١٩٤٥ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٨پلە لە ویلایەتی ئەسنامی دەریای ناوەڕاست لە باکووری جەزائیر (کە ئەوکات ناوی گۆڕدرا بۆ چلەف) ڕوویدا و بەهۆیەوە ١٢٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ٣٠٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
لە دەی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨٠ هەمان ویلایەت ڕووبەڕووی بوومەلەرزەیەکی بەهێزی تر بووەوە، کە گوڕەکەی گەیشتە ٧ پلەی ڕێختەر، بەهۆیەوە ژمارەی گیانلەدەستداوان گەیشتە ٢٦٠٠ کەس و نزیکەی ٨ هەزار کەسیش بریندار بوون.
هەر لە جەزائیر دوای نۆ ساڵ، لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٩، بوومەلەرزەیەک لە چیای چنۆوای هەژاند و لە سیدی موسا لە نزیک تیپازا هەژاند و ٢٢ کەس گیانیان لەدەستدا کە گوڕی بوومەلەرزەکە بە پێوەرەکانی ڕێختەر ٦ پلە بوو.
جارێکی دیکە، هەر لە جەزائیر، لە ٢٢ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٩، بوومەلەرزەیەک لە ویلایەتی عەین تەموچەنت لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەی دا، بە گوڕی ٥.٨ پلە و بەهۆیەوە 28 کەس گیانیان لەدەستدا و 181 کەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها زۆرێک لە باڵەخانە مێژووییەکانی شاری عەین تەموچەنت، وێران بوون.
لە نێو ئەو بوومەلەرزە زۆرانەی کە لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا لە جەزائیردا ڕوویانداوە، یەکێک لە بوومەلەرزە هەرە وێرانکەرەکان، لە شاری بۆمەردێسی کەنار دەریا بوو.
ناوەندی بوومەلەرزەکە بە گوڕی ٦.٨ پلە تەنها ١٠ کیلۆمەتر لە قوڵایی زەویەوە دوورە و بەهۆیەوە دوو هەزار و ٢٦٦ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٠ هەزار و ٢٦١ کەسی دیکەش برینداربوون.
میسر
لە ٣١ی ئازاری ساڵی ١٩٦٩ لە شاری شەرم ئەلشێخ لە کەناراوەکانی باشووری نیمچە دورگەی سینا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی میسر، بوومەلەرزەیەک ڕوویدا و گوڕەکەی ٧ پلە بوو بوو کە تیایدا ٨٢ کەس گیانیان لەدەستدا.
بەڵام بەهێزترین بوومەلەرزە، کە میسرییەکان هەرگیز ناتوانن لەبیری بکەن، بوومەلەرزەکەی ساڵی ١٩٩٢ بوو، بەو پێیەی جیزە و قاهیرەی پایتەختی گرتەوە، کە گەڕەکەی ٥.٦ پلەی ڕێختەر بوو، بۆ ماوەی دوو خولەک و نیو بەردەوام بوو، تیایدا نزیکەی ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون هەزاران کەسیش بێ ماڵ و حاڵ مانەوە.
مەغریب
شاری ئەغادیری مەغریب لە ساڵی ١٩٦٠ بەهۆی بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر، بە گوڕی ٥.٦ پلە هەژا و نزیکەی ١٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و ١٢ هەزاری دیکەش برینداربوون و لانیکەم ٣٥ هەزار کەسیش بێ ماڵ و حاڵ بوون.
یەمەن
ساڵی ١٩٨٢ بوومەلەرزەیەک لە باکووری یەمەن لە نزیک شاری “زمار”ی هەژاند و گوڕەکەی ٦.٠پلە بە پێوەری ڕێختەر بوومەلەرزەیەک ٢٨٠٠ کەس گیانیان لەەدەستدا و ١٥٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون و نزیکەی ٣٠٠ گوندی یەمەن وێران بوون و ٧٠٠ هەزار کەسیش بێ ماڵ و حاڵ مانەوە.
لیبیا
شاری دێرینی مەرج لە لیبیا لە ساڵی ١٩٦٣ بە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٣ پلە هەژاو نزیکەی ٢٤٠ کەس تیایدا گیانیان لەدەستدا ژمارەیەک ماڵ و باڵەخانە وێران بوون.
لوبنان
لە ساڵی ١٩٦٥ سێ بوومەلەرزە لە ناوچەی شەحیم بە چەند خولەکێک ناحیەی شۆفی هەژاند و بەهۆیەوە ١٣٤ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٠٢ کەسیش برینداربوون، ئەمە جگە لە خاپووربوونی شەش هەزار ماڵ.
ئوردن
بوومەلەرزەکەی عەقەبە لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٥، کە لەکەنداوی عەقەبە ڕوویدا و بەهۆیەوە ٨ کەس گیانیان لەدەستدا، پلەکەی ٧.٣ پلە بوو بە پیوەری رێختەر، هێزت بوومەلەرزەکە کاریگەری لەسەر میسر، ئوردن، فەلەستین و سعودیە هەبووە، هەروەها دانیشتوانی لوبنان و سوریا و دوورگەی قوبرس هەستیان پێکردبوو.