سەرۆكایەتی ئیدارەدانی كارەسات و باری لەناكاو (AFAD) ئاماژەی بەوە داوە، تاكوو كاتژمێر ٠٩:٤٥ ژمارەی ئەوكەسانەی لە ئاكامی بوومەلەرزەكاندا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە شەش هەزار و ٩٥٧ كەس و ٣٨ هەزار و ٢٢٤ كەسیش بریندار بوون، رایگەیاند: ” AFAD و وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و خێزان بە تێكڕایی یەك ملیار و ٦٣٩ ملیۆن و ٧٧٤ هەزار و ١٦ لیرەیان بۆ ئەم دۆخە لەناكاوە تەرخان كردووە”.
سەرۆكایەتی ئیدارەدانی كارەسات و باری لەناكاو (AFAD) لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە، دوای روودانی بوومەلەرزەیەك لە رێكەوتی شەشی شوبات بەگوڕی ٧،٧ پلە لە شارۆچكەی پازارجك سەر بە پارێزگای مەڕەش و روودانی بوومەلەرزەیەكی دیكە هەمان رۆژ لە شارۆچكەی ئەلبستان لە هەمان پارێزگا بەگوڕی ٧،٦؛ ٦٤٨ پاشلەرزەی دیكە روویان داوە.
(AFAD) سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی تاكوو كاتژمێر ٠٩:٤٥ ژمارەی ئەوكەسانەی لە ئاكامی بوومەلەرزەكاندا لە هەریەك لە پارێزگاكانی مەڕەش، عەنتاب، ئورفا، ئامەد، ئادانا، ئادیامان، عوسمانییە، هاتای، كلیس و ماڵاتیا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە شەش هەزار و ٩٥٧ كەس و ٣٨ هەزار و ٢٢٤ كەسیش برینداربوون.
سەرۆكایەتی ئیدارەدانی كارەسات و باری لەناكاو بەسەرنج خستنە سەر ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و خێزان بە تێكڕایی یەك ملیار و ٦٣٩ ملیۆن و ٧٧٤ هەزار و ١٦ لیرەیان بۆ ئەم دۆخە لەناكاوە تەرخانكردووە، “یەك ملیار و ٣٨٩ ملیۆن و ٧٧٤ هەزار و ١٦ لیرە لەلایەن سەرۆكایەتییەكەمان و ٢٥٠ ملیۆن لیرەیش لەلایەن وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و خێزان دابینكراوە”.
لە راگەیەندراوەكەدا بە جەختكردنەوە لەوەی سەرۆكایەتی ئیدارەدانی كارەسات و باری لەناكاو (AFAD)، ٩٢ هەزار و ٧٣٨ خێوەتی بۆ خانەوادەكان بۆ ئەو ناوچانەی ١٠ پارێزگای توركیا رەوانەكردووە كە بوومەلەرزەكە گرتوونییەتەوە، تیایدا هاتووە: “٥٠ هەزار و ٨١٨ خێوەتیش بۆ خانەوادەكان لەلایەن فەرمانگەكەمانەوە هەڵدراون، هەروەها ٣٠٠ هەزار بەتانی و ١٢٣ هەزار جێخەومان بۆ ئەو ناوچانە رەوانە كردوون”.
لە راگەیەندراوەكەدا جەخت لەسەر وەگەڕخستنی تەواوی تواناكان كراوەتەوە بۆ بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی زیانبەركەوتووان و تیایدا هاتووە: “ژمارەی ئەو كارمەندانەی بۆ گەڕان و رزگاركردن لە ناوچەكان ئەركداركراون گەیشتووەتە ٩٦ هەزار و ٦٧٠ كەس و پێنج هەزار و ٣٠٩ كارمەندیش كە لە وڵاتانی دیكەوە هاتوون رەوانەی ناوچەكان كراون. دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی سوپای توركیایش خراونەتە ئامادەباشییەوە”.