” جێگیربوونی بڕیارە نوێیەكانی عێراق، كاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری عێراق دەبێت و هاووڵاتییان سوودی گەورەی لێدەبینن”
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا نرخی 100 دۆلار لە بوودجەدا بە 130 هەزار دینار جێگیر بكرێت، لە ئەمڕۆشەوە 100 دۆلار بە نرخی 130 هەزار دینار بخرێتە بازاڕەكانەوە، ئەوەش هەنگاوێكی نوێی دەسەڵاتدارانی عێراقە بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دراوی وڵاتەكە كە ماوەی دوو مانگ زیاترە لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكایدا بەهاكەی دابەزیوە.
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، نیوەشەوی ڕابردوو لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا بەرزكردنەوەی بەهای دیناری ڕاگەیاند، ” ئێمە بڕیارماندا بەهای دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقیدا دابەزێنین و بوودجەش لەسەر ئەو بنەمایە سەر لەنوێ ڕێكدەخرێتەوە، چونكە كابینەی پێشوو لەبەرزكردنەوەی بەهای دۆلار هەڵەی كرد”.
ڕوونیشیكردەوە، لەبەرزكردنەوەی بەهای دۆلاردا هاووڵاتییان زیانێكی زۆریان كرد، ئەركێكی قورس خرایە سەر شانی هاووڵاتییان و نرخی خۆراك و كەلوپەل بەرز بووەوە، بۆیە دەمانەوێت لەمەودوا ئەو ئەركە لەسەر شانی حكومەت بێت نەك هاووڵاتی.
دوابەدوای بڕیارەكەی حكومەتی عێراق لە شەوی ڕابردووەوە بازاڕەكانی دراوی عێراق جمەیان دێت، بەجۆرێك شڵەژاوی بە بازاڕەكانەوە بەدیدەكرێت، بەهای دۆلار داشكاوە، نرخی 100 دۆلار بە 148 هەزار دیناری عێراقی لە بەیانی ئەمڕۆدا مامەڵەی پێوەكرا.
هاوكات ئەمڕۆ چوارشەممە، بانكی ناوەندی عێراق نووسراوێكی فەڕمی ئاڕاستەی سەرجەم بانكەكانی عێراق و نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو كردو تێیدا داوای لێكردوون ١٠٠ دۆلار بە ١٣٠ هەزار دینار لە بانكەكان و ١٣٢ هەزار دینار لە نووسینگەكاندا مامەڵەی پێوەبكرێت.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێكی عێراق بەرەو ئەمریكا بەڕێبكەوێت، لەوێ لەبارەی قەیرانی دۆلارەوە گفتوگۆ بكەن بەجۆرێك سەردانەكە ئەرێنییانە لە بەرژەوەندی دیناری عێراقی لێكدانەوەی بۆدەكرێت.
ئەو سەردانە درێژكراوەی گفتوگۆكانی پێنج شەممە و هەینی ڕابردووە كە لە ئیستەنبوڵ لەنێوان بانكی فیدڕاڵی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكادا ئەنجام دران، گفتوگۆكان بەجۆرێك ئەرێنی بوون بڕیارە نوێیەكانی بەغدای بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەدوادا هات.
لەو سەروو بەندەدا زێڕ ڕۆڵێكی گەورەی لە بازاڕەكانی دراودا هەیە بەجۆرێك لەگەڵ دابەزینی بەهای دۆلاردا نرخی زێڕیش دابەزی.
ئارام سەردار، پەیامنێری خەڵك لە هەولێر ڕایگەیاند، نرخی زێڕ لە هەولێر دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێك یەك ئۆنسە زێڕ بە 1876$ مامەڵەی پێوەدەكرێت.
– مسقاڵێك زێڕی عەیارە 24 بە 450 هەزار دەفرۆشرێت.
-مسقاڵێك زێڕی عەیارە 22 بە 410 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
-مسقاڵێك زێڕی عەیارە 21 بە 395 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
-مسقاڵێك زێڕی عەیارە 18 بە 335 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
ئێستا شارەزایانی ئابووری و دارایی چاوەڕوانی جێگیربوونی بڕیارە نوێیەكانی عێراق دەكەن بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دیناری عێراقی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكایی، بەرزكردنەوەیەك كاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری عێراق دەبێت، هاووڵاتییانیش سوودێكی گەورەی لێدەبینن.