عەلی موحسین عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق، باسی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەكات، سەبارەت بە گۆڕانكاریی لە نرخی خەرجی دۆلار لەبەرامبەر دینار.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن عەلاقەوە بڵاوكرایەوە”سوپاسی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامانی ئەنجومەن دەكەم، بۆ بەدەنگەوەهاتنی بڕیارەكەی بانكی ناوەندی عیراق لەپێناو دابەزاندنی نرخی خەرجی دۆلار، لەپێناو سوككردنی بارگرانی سەرشانی هاووڵاتیان”.
عەلاق ئاماژەی بە بەردەوامبوونی هەوڵەكانی بانكی ناوەندی و حكومەت كرد، لەپێناو هێنانەدی ئەو ئامانجەی كاریی بۆ دەكەن.
پارێزگاری بانكی ناوەندی عيراق دەڵێت”بەڵێن بە گەلی خۆمان دەدەین هەموو هەوڵێك بخەینەگەڕ تا متمانەیان بە دراوی نیشتمانی هەبێت و پارێزگاریش لە بەردەوامبوونی سیستمی دارایی و بانكی دەكەین”.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئیدارەی بانكی ناوەندی عیراقی پەسەند كرد، بۆ گۆڕانكاریكردن لە نرخی خەرجی دۆلار لەبەرامبەر دیناردا كە لێوەی نرخی دۆلارێك دەكرێتە 1300 دینار.
لەلایەكی ترەوە، بانكی ناوەندی بڕیاریدا لە سبەینێ چوار شەممەوە، یەك دۆلار بە 1300 دینار بفرۆشێت بە بانكەكان و بە 1320 دینار بفرۆشێت لەڕێی سیستمی ئەلیكترۆنی و بە 1320 دیناریش بفرۆشرێت بە بانك و دامەزراوەكانی تر و هاووڵاتیان.