سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق پێنج بڕیاری گرنگ لەبەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەردەكات، كە تایبەتە بە بەشە نەوتی هاووڵاتیان و كردنەوەی دوو دەروازەی سنووری و جێبەجێ كردنی بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.
نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە نووسراوێكیدا بۆ وەزارەتی نەوت لەسەر داوای فراكسیۆنی نەوەی نوێ داوای زانیاری لەسەر ناردنی بەشە نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كردووە، كە بڕەكەی ١٥٠ ملیۆن لیترە.
بەپێی نووسراوێكی دیكە، سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لە جێبەجێ كردنی ڕێكارەكان كردووە بۆ كردنی شاری هەڵەبجە بە پارێزگایەكی سەربەخۆ.
هاوكات سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چەند نووسراوێكی دیكەدا بۆ وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان و دەستەی دەروازە سنوورییەكان داوای زانیاری لەسەر كردنەوەی هەردوو خاڵی سنوری كێلێ و سازان و دروستكردنی بەنداوی دەڵگە لە قەڵادزێ كردووە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە پێشتریش حكومەتی عێراقی بڕیاری داوە نەوت بۆ هەرێم بنێرێت و پارێزگای هەڵەبجە وەك پارێزگا بناسێنێت، بەڵام تا ئێستا بەتەواوی جێبەجێ نەكراوە.