كەسێكی نزیك لە ڕەوتی سەدر كە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە ڕابەرایەتی دەكرێت، ئاماژە بە ئەگەری دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكانی ڕەوتی سەدر دەكات لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوو، یاسای هەڵبژاردنیشی وەك هۆكارێك بۆ سەرلەنوێ تەقینەوەی دۆخی عیراق لەقەڵەمدا.
كەسە نزیكەكە (كەسایەتییەكی حكومی و سەركردەیەكی دەركەوتووتی نێو ڕەوتی سەدرە) لە ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی ڕایگەیاندووە”ڕەوتی سەدر لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی وڵات دەكات و چاودێری كارەكانی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و بڕیارەكانییەتی، بەڵام تائێستا بەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ نەكردووە لە چەندان دۆسێدا، وێڕای دروستبوونی تەنگژەی ئابووری بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كە گوشارێكی گەورەی لەسەر چەندان ملیۆن هەژار دروستكردووە”.
بە وتەی ئەو كەسە نویكەی سەدر”زۆرێك لەو هۆكارەكان وا لە ڕەوتی سەدر دەكەن بگەڕێنەوە بۆ گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان لە بەغدا و پارێزگاكانی تر و دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكانیش لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا ئەگەرێكی بەهێزە، ئەوەی ڕەوشەكەش لەمجارەدا دەتەقێنێتەوە، یاسای هەڵبژاردنە كە هەندێك لە هێزە دەستڕۆیشتووەكان هەوڵ بۆ داڕشتنی دەدەن، تا لەگەڵ پێوانە و بەرژەوەندییە حزبییەكانیاندا بگونجێت نەك لەگەڵ لایەنی نیشتمانی، ئەمەش لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە قبوڵ ناكرێت و دەرگایەك دەبێت بۆ تەقینەوەی دۆخەكە”.
ئەو كەسە نزیكەی ڕەوتی سەدر پێیوایە”بڕیاری دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكان پەیوەندی بە یەك فەرمانی موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدرەوە هەیە، چونكە بەبێ ڕەزامەندی ڕاستەوخۆی ئەو هیچ كارێك ناكرێت، بەڵام بە گشتی بێدەنگ بوونی ڕەوتی سەدر لەبەرامبەر هەموو ئەو پێشێلكارییانەی هەن بەردەوام نابێت”.
موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر لە 19ی ئابی 2022، وازهێنانی لە كاری سیاسی ڕاگەیاند و لایەنگرانیشی لەو دەمەدا خۆپیشاندانی فراوانیان لە ناوچەی سەوز لە نێو جەرگەی بەغدا ڕێكخست كە بووە مایەی پێكداهەڵپژانی چەكداری و بەو هۆیەوە دەیان مەدەنی بوونە قوربانی.