“كۆمەڵێك باڵەخانە بەرگەی بوومەلەرزە ناگرن”
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد “چەندین باڵەخانە بەشێوەیەك درووستكراون بەرگەی بومەلەرزەی بەھێز ناگرن، بۆیە پێشنیاری ڕاگرتنی دەواممان كرد، لەسەر پێشنیاری ئێمە دەوام بۆ ماوەی سێ رۆژ راگیراوە بەهۆی مەترسی روودانی بومەلەرزە”.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕایگەیاند “دوێنێ دووشەممە چوار بوومەلەرزەی گەورە روویاندا لە باكووری كوردستان بەم شێوەی خوارەوە :
یەکەم ٧.٨
دووەم ٧.٦
سێیەم ٥.٧
چوارەم ٦.٠
لەگەڵ زیاتر لە ٢١٥ پاشەلەرزە تۆماركراوە .
لەھەرێمی كوردستان دوو حاڵەتی بومەلەرزە تۆماركرا :
٤.٧ : یەكەم
٤.٢ : دووەم
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوەشكرد “لە رووی زانستییەوە بوومەلەرزە پێشبینی ناكرێت، بەڵكو تۆمار دەكرێت، ئەم بابەتە ھێشتا پێویستی بە توێژینەوەی زانستی چڕترە، بەڵام پاشەلەرزە بۆ ماوەی سێ مانگ دەخایەنێت و كاریگەریەكەی دەمێنێتەوە” .
وەزارەتی گواستنەوەدا دەڵێت ھەرێمی كوردستان لە رووی بومەلەرزە بەپێی توێژینەوەكانی سایسمۆلۆجی و جیۆفیزیكی ھەرێمێكی سەقامگیرە، بەڵام لەبەر بوونی باڵەخانەی كۆن و باڵەخانەی تەواونەكراو ھەروەھا چەندین باڵەخانە بەشێوەیەك درووستكراون بەرگەی بومەلەرزەی بەھێز ناگرێت بۆیە ئەم پێشنیارانەی خوارەوە بۆ بارودۆخی ئێستادا بە گونجاو دەزانین :
یەكەم : راگرتنی دەوامی فەرمی قوتابخانەكان و زانكۆكان و دامەزراوە فەرمییەكان بۆ ماوەی سێ رۆژ لە سێشەممە بەرواری ٧ی شوبات ٢٠٢٣ تاكو پێنجشەمممە ٩ی شوباتی ٢٠٢٣ بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی باڵەخانەكانی حكومییە كە دەبێت پشكنین بكرێن لە رووی بوونی درز و لاربوون و چەماوەبوون، كە ئەمەش بە ھەماھەنگی لەگەڵ تیمی بەرگری شارستانی ئەنجام دەدرێت .
دووەم : ئامادەباشی ھێزەكانی بەرگری شارستانی و تیمەكانی تەندروستی و لایەنی پەیوەندیدار لە كاتی ئێستادا .
سێیەم : پشكنینی باڵەخانەكانی نیشتەجێبوون بەتایبەت باڵەخانە بەرزەكان لە بوونی درز و لاربوونیان و ئاگاداركردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار و لیژنەكانی قائیمقامیەت .